کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شارەکانی ئاڵمان خۆپیشاندانی جەماوەری بەڕێوە چوو

12:13 - 30 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە چەندین شاری ئاڵمان دژی تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و ئەم ڕێژیمە مەحکووم کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، لەسەر داوای کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و ناوەندی پشتیوانیی خەڵکی ئێران لە هامبورگ، بە سەدان کەس لەبەردەم کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆپیشاندانیان کرد و تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە کوردستاندا مەحکووم کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی فارسی خوێندرایەوە.

دواتر "شەهریار نەقشبەندی"، بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە ئورووپای ناوەندی، لە وتارێکدا هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدانی نوێی گەلەکەمان دەربڕی و وێڕای هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیشی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستان دووپات کردەوە.

هاوکات ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر، لەسەر داوای کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و لایەنەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، لە شارەکانی بێرلین، هانۆڤەر، کۆڵن، فرانکفۆرت و بوخووم، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا، خۆپیشاندەران پاڵپشتیی خۆیان بۆ خرۆشانە جەماوەرییەکانی کوردستان و ئێران دووپات کردەوە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چالاکانە بەشدارییان کرد.

هەر لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا، ڕۆژی شەممەی داهاتووش، کۆمیتەکانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە شاری کۆڵن، خۆپیشاندانێکی هەزاران کەسی بەڕێوە دەبن.

هەر هەمان ڕۆژ کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان لە شاری شتووتگارت خۆپیشاندانێک بەڕێوە دەبات و داوا لە هەموو ئازادیخوازان و حیزب و ڕێکخراوە خەباتکارەکانی چوار بەشی کوردستان دەکات کە بەشدار بن.