کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شارەکانی "بێرلین و هامبورگ" دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

17:23 - 10 رەشەمه 2720

دوای کوژرانی ١٥ کاسبکاری بەلووچ لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران، خەڵکی ژمارەیەک لە شارەکانی سیستان و بەلووچستان دژی ئەو جینایەتە ڕژانە سەر شەقامەکان کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەتوندی سەرکوت کران.

بەپێی دوایین ئامارە بەراییەکان ١٠ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون و پێنج کەسیش بریندار بوونە.  ژمارەیەکی زۆریش دەسبەسەر کراون کە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم بەندکراوانی ئەو خۆپیشاندانە دادگایی نیزامی دەکرێن.

جینایەتی ڕێژیمی ئێران لە سیستان و بەلووچستان کاردانەوەی توندی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لێ کەوتووەتەوە و لە ڕاستای مەحکوومکردنی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران، دوو خۆپیشاندان لە شارەکانی "بێرلین و هامبورگ" لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە لە شاری "هامبورگ" بە هاوبەشیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی خەباتکارانی ڕێگای ئازادیی ئێران (تلاشگران راه آزادی) خۆپیشاندانێکی بەرین بە مەبەستی مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران دەرحەق بە کاسبکارانی بێدەرەتانی "کورد و بەلووچ" لەسەر سنوورەکان و هەروەها پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا لە وتارێکی کورتدا پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی کورد بەگشتیی بۆ گەلی زوڵملێکراوی بەلووچ و باقیی گەلانی ئێران و خەباتە ڕەواکەیان دەربڕی و هاوخەمیی بۆ کەسوکاری قوربانییانی دەستی هێزە تێرۆریستەکانی ڕێژیم لە کوردستان و بەلووچستان ڕاگەیاند.

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە بەشێک لە جینایەت و تاوانەکانی ڕێژیم لە کوردستان و ئێران بەگشتی کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕێژیمە تاوانبارە و هاتنە سەر کاری حکوومەتێکی دێموکراتیک و ئازاد وێڕای باقیی حیزب و ڕێکخراوە ئازادیخواز و دێموکراتیکەکانی گەلانی ئێران پتر لە ڕابردوو پێداگری دەکات و لە خەباتی ڕەوای گەلانی بەشمەینەتی ئێران پشتیوانی دەکات.

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان بە دژی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان، هەمان ڕۆژ لەلایەن کۆمیتەکانی "داکۆکی لە زیندانییانی سیاسی و پەنابەرانی سیاسیی بێرلین"، لەو شارە خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

 لەو خۆپیشاندانەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بێرلین چالاکانە بەشداریی کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ نەتەوەی زوڵملێکراوی بەلووچ دەربڕی.