کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فینلاند وێبنارێکی تایبەت بە یادی شەهیدانی میکۆنووس بەڕێوە چوو

12:57 - 1 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە ٢٨‌ـەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" ‌و هاوڕێیانیدا، سێمینارێکی ئینتێرنێتی لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب‌" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات ‌و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

وێبنارەکە بە کۆڕگێڕیی "ڕۆستەم جەهانگیری" بەرپرسی دەزگای چاوەدێریی‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو. "جەهانگیری" وتەکانی بە نیشاندانی ڕێز و وەفاداری بۆ خەباتی شەهیدانی میکۆنووس‌ و تێکڕای شەهیدانی کوردستان، دەست پێکرد.

ناوبراو ئاماژەی بە تێرۆری دوکتور "قاسملوو" و ئامانجەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازی کوشتن‌ بە مەبەستی بەچۆکداهێنانی بەرهەڵستکارانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران بە تێرۆر و کوشتنی ڕێبەرانی کورد و خەڵکی کوردستان، هەرگیز نەیتوانیوە و ناتوانێت بە ئامانجەکانی بگات.

"جەهانگیری" هەروەها ڕوونی کردەوە کە پاش تێرۆری دوکتور "قاسملوو"، ڕێژیمی تاران بۆی دەرکەوت کە نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات و هەروەک لە پەیامی دوکتور "شەرەفکەندیـ"ـدا بەبۆنەی شەهیدکرانی دوکتور "قاسملوو"ەوە هاتبوو، حیزبی دێموکرات هەروا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و تێکۆشانی ئەم حیزبە و خەباتی نەتەوایەتیی کورد بەردەوامە‌ و دەچێتە پێش.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، "جەهانگیری" ئاماژەی بەو ڕاستییە کرد کە ئەگەرچی بە تێرۆری ڕێبەرانمان خەسارێکی مەزن بەر حیزبی دێموکرات‌ و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی  ڕۆژهەڵات کەوت بەڵام خەونی نگریسی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی تواندنەوەی کورد هەرگیز نەهاتووەتە دی ‌و نایەتە دی.

لە درێژەی وتەکانیدا، "جەهانگیری" ئاوڕی لە  هەر کام لە قۆناغەکانی ژیان‌ و خەباتی دوکتور "شەرەفکەندی"‌ دایەوە و ڕۆڵی ناوبراوی لە بەڕێوەبردنی حیزبی دێموکرات‌ و خەبات دژی زوڵم ‌و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان بەرز نرخاند.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە خۆشەویستیی دوکتور "شەرەفکەندی" لەنێو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا کرد و ئەو خۆشەویستییەی گەڕاندەوە بۆ نەخشی بەڕێوەبەریی دوکتور "سادق" لە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەتایبەت لە کاتی شەڕ لەگەڵ هێزی داگیرکەردا.

"جەهانگیری" هەروەها ئاماژەی بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تێرۆریستەکان کرد کە دادستانەکانی ئاڵمان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە بەرزترین ئاستدا تاوانبار ناساند و بە بەڵگەوە مەحکوومیان کرد.

لە کۆتایی قسەکانیدا "ڕۆستەم جەهانگیری" یادی شەهیدان "فەتاح عەبدولی"، "هومایوون ئەردەڵان" ‌و "نووریی دێهکوردی" کردەوە کە ٢٨ ساڵ لەمەوپێش، لەگەڵ دوکتور "سادق شەرەفکەندی" لە ڕێستوورانی میکۆنووس لە ئاڵمان لەلایەن تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کران.