کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فەرانسە بۆ ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو، سێمینارێک بەڕێوە چوو

17:06 - 29 رێبەندان 2719

ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ١٧ی فێڤرییە، لە یەکێک لە هۆڵەکانی مەجلیسی سێنای فەرانسە، سێمینارێک بەبۆنەی ڕێزگرتن لە ڕێبەری مەزن و ناوداری کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەسپێشخەریی ئەنستیتۆی کورد بەڕێوە چوو.

ئەنستیتۆی کورد لە فەرانسە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یادی ڕێبەری کارامە و کاریزماتیکی کورد کە لە ١٣ی  جوولای ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە شاری ڤییەن بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی وتووێژدا شەهید کران، سێمینارێکی بە شکۆی پێک هێنا.

ئەو سێمینارە کە لە چوار پانێل پێکهاتبوو لە هۆڵی "میدیسی"، کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە کاتی ئورووپا و ١٢ی نیوەڕۆ بە کاتی کوردستان لە سێنای فەرانسە دەستی پێکرد.

پانێکی یەکەم کە لەلایەن خانمی "جۆیس بلوو" بەڕێوە چوو و بۆ ئەندامان و خزم و دۆستانی نزیکی دوکتور قاسملوو تەرخان کرابوو، بریتی بوون لە مینا قاسملوو کچی دوکتور قاسملوو، ئەمیر قازی، عبدوڵڵا حەسەنزادە، عەدنان موفتی سەرۆکی پێشووتری پارلمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، عەبدوڵڵا عیزەتپوور ئامۆزای دوکتور قاسملوو کە پەیامەکەی لەلایەن کاک خسرەو عەبدوڵڵاهی خوێندرایەوە، دوکتور حەسەن شەتەوی خوشکەزای دوکتور قاسملوو و هەروەها فیلمێک لە مەهدی خانبابا تێهرانی بڵاو کرایەوە.

پانێلی دووهەم کاتژمێر دوو و نیوی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئورووپا و چوار و نیوی ئێوارە بە کاتی کوردستان دەستی پێکرد. لە سەرەتادا فیلمێک لەسەر بارودۆخی ساڵانی ڕابردووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پیشان درا، ئەم پانێلە کە بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها چەند کەسایەتیی کورد تەرخان کرابوو لەلایەن سێناتۆر "ڕیمی فێرۆ" بەڕێوە چوو.

پانێلەکە بە خوێندەوەی پەیامی لێپرسراوی گشتیی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک مستەفا هیجری کە لەلایەن کاک حەسەن شەرەفی، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی  و بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا، دەستی پێکرد.

بەشدارانی دیکەی پانێلەکە بریتی بوون لە ئەحمەد ئەسکەندەری بەرپرسی ئەوکاتی دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین حوسێنی، عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، مەسعود تەک سەرۆکی گشتیی ( PSK ) حیزبی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیە، عەزیر ماملێ نوێنەری پێشووتری حیزب لە فەرانسە و مەلا محەممەد جوانڕۆیی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی هێزی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی شیوعی کوردستان و هەروەها خاتوو "فاتۆش" هاوسەری هونەرمەندی گەورەی کورد ئیلماز گونای.

شایانی باسە کە پەیامی لێپرسراوی گشتیی حیزب باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بارودۆخی ئەو کات و ئێستای ئێران و ڕۆڵ و نەخشی کاریگەری دوکتور قاسملووی لەخۆ گرتبوو.

پانێلی سێهەم کە بۆ کەسایتییە ئێرانییەکان دیاری کرابوو، لەلایەن دوکتور "حەمید بۆزئەرسەلان" مامۆستای زانکۆ بەڕێوە چوو و بریتی بوون لە هیدایەت مەتین دەفتەری، دامەزرێنەری جیبهەی میللی دێموکراتیکی ئێران، ڕەزا دقەتی فۆتۆگرافیست و عەبدولکەریم لاهیجی پارێزەر و  چالاکی مافی مرۆڤ.

پانێلی چوارەم کە لەلایەن دوکتور کەنداڵ نەزان بەڕێوە چوو بۆ کەسایەتییە بیانییەکان تەرخان کرابوو کە بریتی بوون لە "ژێرار شالیان" نووسەر و شارەزای ژێئۆپۆلۆتیک، "ئالێن شانێل" بەرپرسی پێشووی سکرتاریەتی نێونەتەوەیی پارتی سۆسیالیستی فەرانسە، "ئالێن فرۆشۆن" ڕۆژنامەنووسی "مۆند"، "بێرنارد کووشنێر" وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی فەرانسە، "مارک کرۆڤێتز" ڕۆژنامەنووس، "کارۆڵ پرۆنهۆبێر" نووسەری کتێبی بیوگرافی دوکتور قاسملوو، "جاناتان ڕانداڵ" ڕۆژنامەنووس و دوکتور "فلۆرانس وێبێر" بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی پزیشکیی "ئامی"، واتە یارمەتییە پزیشکییەکانی نێونەتەوەیی.

شایانی باسە کە لە پەراوێزی ئەم کۆنفڕانسەدا جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی بیانی و هەروەها کورد و ئێرانی ئەنجام دا.