کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فەرانسە دژی هێرشی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوه چوو

15:21 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە وڵاتی فەڕانسە لە سێدارەدانی لاوانی کورد و مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێرانەوە مەحکووم کرا.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و مەحکووم کردنی کردەوەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی تاران و هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێ تاوانی کورد، بە دەسپێشخەری کۆمەڵی دانیشتوانی  وڵاتی  فەرانسە، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە نوێنەرایەتی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، هەروەها کۆمەڵێک لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی فەرانسە و چەند کەسایەتی سیاسیی ئێرانی، بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەی شەھیدان لە بەردەم  باڵوێزخانەی ڕێژیمی کوردکۆژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پاریس، کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە  "عەزیز ماملێ" لە لایەن ئەنجومەنی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسە،  بە وتارێک کۆبوونەوەکەی دەست پێکرد.

"ماملێ"  لە درێژەی وتارەکەیدا بە وردی باسی لەو جینایەتانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانان دەرهەق بە گەلی کورد لە کوردستان ئەنجام دران.  هەر بەم بۆنەوە داوای لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کرد کە زەخت و گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی تاران هەتاکوو کردەوە دژە مرۆیییەکانی بۆ سەر گەلی کورد ڕابگرێ.

پاشان پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی فەرانسە، لە لایەن "مستەفا مەعرووفی" خوێندرایەوە کە سەرەتا باسی لە ژمارەی شەهید و بریندارەکانی کارەساتی ١٧ی خەرمانان کرد و پێداگری لەوە کرد کە دەبێ وەک کارەساتێکی دژەمرۆیی بناسێندرێ و ولاتانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤی لێ ئاگادار بکرێتەوە . مەعرووفی لە وتارەکەیدا بە وردی باسی لە جینایەت و تاوانەکانی ڕێژیم بە دژی گەلی کورد و ئازادیخوازانی دیکەی ئێران کرد کە تەنیا لە سێبەری یەکیەتیی و هاوئاهەنگیی هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران وەدی دێ.

دواتر "پەرویز جەباری" لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە، وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

 جەباری لە توێی وتارەکەیدا باسی لە دادگاییکردنی ناعادڵانەی لاوان و تێکۆشەرانی کورد کرد کە لە داداگا فەرمایشییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە ئامانجی سیاسی و بە بێ نیشاندانی بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا تاوانی سێدارەیان بۆ دەبڕێتەوە. هەروەها لە بەشێکی دیکەدا داوای لە وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیک کرد کە ئەگەر ڕێگری لە دەسدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر دژبەرانی کورد نەکەن، ئەم دیاردە ترسناکە پەرە دەستێنێ و لە داهاتوویەکی نێزیکدا یەخەی کۆمەڵگەی ئەوانیش دەگرێتەوە.

جەباری لە درێژەدا یەکدەنگیی گەلی کوردی لە هەمبەر سەرکوتی هەمە لایەنەی دەسەڵاتی ئایینی بۆ سەر بزوتنەوەی کوردستان بەرز نرخاند و پێی وابوو کە بە پێچەوانەی ئامانجەکانی ڕێژیم، خەڵک و بەرەی ئازادیخوازان لە جاران یەکگرتووتر بوون و نەترسانە پێداگری لە داوا ڕەواکانیان دەکەن.

پاشان کاک "حەمید ئەمینی" پەیامی کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە فەرانسە پێشکەش بە بەشدارانی گردبوونەوەکە کرد.  

"ئەمینی" سەرەتا باسی لە ژیان و خۆڕاگری ئەو ٣ لاوە کوردە کرد کە لە ١٧ خەرمانان دا بە بێ تاوان لە لەسێدارە دران و ئەم تاوان و کردەوە  تێرۆریستییانەی بە درێژەی سیاسەتی سیستماتیکی ڕێژیمی لە هەمبەر تەڤگەری ئازایخوازانەی کوردستان زانی. هەروەها بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی لە کۆیە بە جینایەتێکی سامناکی دژی بەشەری وەسف کرد و بە پێویستی زانی کە هەرچی زووتر پێشیان پێ بگیردرێ.

پاشان  وتاری شورای هاوخەباتی بۆ مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە لایەن "فەرامەر" خوێندرایەوە و لە کۆتایشدا "تاهیر ئەردەڵان" بە نوێنەرایتی لە کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسە قەتعنامەی ئەو کۆمەڵەی پێشکەش بە ئامەدە بووان کرد.

لە درێژەی ئەم خۆپێشاندانەدا، چەند پەیام و وتاری دیکە لە لایەن نوێنەری چەند لایەن سیاسی لە نێو بەشداربوواندا بڵاو کرایەوە  کە هەر کام هەڵگری مەحکوومکردنی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە و لەسێدارەدانی لاوانی بێتاوانی کورد بوون.

حیزب و لایەنە بەشدار بووەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:

ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ـ  حیزبی دێموکراتی کوردستان

ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ـ شۆرای هاوخەباتی لە گەڵ بزووتنەوەی کرێکاری

ـ ئیتحادی فیدائیانی خەڵک

ـ کۆماریخوازانی لائیک و دێموکرات

ـ کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی ئێران

ـ شۆرای هاوخەباتی بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران

ـ "دبیرخانە شورای ملی مقاومت ایران"