کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە لێواری مەدیتەرانەوە بۆ تاران

18:36 - 15 رەزبەر 2718

کەریم پەرویزی

رێژیمی کۆماری ئیسلامی، چەند ساڵ پێش ئێستا کە سەرهەڵدانی خەڵک لە سووریە دەستی پێکرد، لە ترسی رووخانی ئەسەدی هاوپەیمانی، بە هەزاران هێزی نیزامی و بە سەدان میلیارد دۆلاری داهاتی وڵاتی ئێرانی هەزینە کرد تاکوو رێژیمی تاوانباری بەشار ئەسەد بپارێزێ و بیانووی ئەوە بوو کە سووریە و لوبنان و عێراق ، قووڵایی ستراتیژیکی رێژیمن و تەنانەت دەیانگوت کە سووریە لە خووزستانیش گرنگترە! بۆیە دەبێ لە سووریە شەڕ بکەن تاکوو شەڕ نەبرێتە نێو سنورەکانی ئێران.

لە سەردەمانی کۆندا، هەخامەنشییەکان، کە کۆمەڵێک لە خێڵ و تایفە و قەبایلی کۆچەری و تاڵانکەر بوون و وەکوو داعش هێرشیان کرد سەر شارستانیەتی ماد و لە نێویان بردن، پاشایەکیان بەناوی کەمبووگیە، تا سەر لێواری مەدیترانە رۆیشت و ویستی لەو دەریایە بپەڕێتەوە بۆ ئورووپا و یۆنان داگیر بکا، بەڵام شەپۆلەکانی دەریا هێزەکەیان تێک شکاند و ئەو پاشایەش کە خۆی بە خودا دەناساند فەرمانیدا کە دەریا شەللاق لێ بدەن! دوایە لە سووریەدا بریندار بوو و لە عێراقدا بە زەلیلی لە جێگادا مرد! مێژووی ئەم ناوچەیە سەیر دووپات دەبێتەوە!

کۆماری ئیسلامیش وەکوو زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتدارانی نیمچە بیابانی فەلاتی ئێران، کە هەستیان کردووە کە بە دڕندەیی، هەندێک هێزیان پەیدا کردووە و شارستانیەتی ناوچەیان وێران کردووە، تەماحی گەیشتن بە مەدیتەرانە و پەڕینەوە بۆ ئورووپایان بەر کەوتووە بەڵام گەیشتنیان بە لێواری مەدیتەرانە، خاڵی کۆتایی سەفەرەکەیان بووە و بە شەپۆلانێک خراونەتەوە نێو پێتەختەکەیان و کۆتایی بە دەسەڵاتیان هێنراوە.

کۆماری ئیسلامی دەیگوت کە دەبێ لە سووریە شەڕ بکات تاکوو شەڕ لە نێو سنوورەکانی خۆی نەکا. لە رۆژانی رابردوودا لە لازقیە و لێواری مەدیتەرانە، فڕۆکەی ئیسراییلی و ناوچەی فەڕانسەوی هێرشیان کردە سەر بارە تەقەمەنی و مووشەکەکانی سوپای پاسداران و زەربەیەکی قورسیان لێ دا. دوایەش وڵاتانی فەرانسە و ئاڵمان و سەرۆکی ناتۆ و کەسانی دیکەش رایانگەیاند کە هێزەکانی سوپای پاسداران و رێژیمی ئێران دەبێ لە سووریە دەربکرێن.

شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی دەیگوت لە سووریەی دەکا و لە خوزستانی پێ گرنگترە، لە ئەحواز ئێخەی گرتەوە و خامنەیی فەرمانی دەرکرد کە مووشەک بە دەریاوە بنێن! دوایەش لە ترسان، لە تاران هەوڵیان دا سەدان هەزار بەسیجی و بەکرێگیراو کۆ بکەنەوە کە نەک خەڵک بترسێنن بەڵکوو ترسی خۆیان لە رووخانی رێژیمەکەیان بشارنەوە.

ئێستا سەرانی رێژیم بە راشکاوانە دەڵێن کە شەڕ براوەتە نێو ماڵی وێرانی رێژیم، جا بە ناوی شەڕی ئابووری یان شەڕی میدیایی و رەوانی یان هەرچی دیکە ناوی دەبەن، خۆی دانپێدانانە کە شەڕیان بردۆتە نێو ماڵە وێرانەکەیان و خەڵکیان دەترساند کە با ئێران وەکوو سووریەی لێ نەیەت، بەڵام ئێستە دەڵێن وەکوو یەمەنمان لێ کردووە!

ئەوە رەوتی مێژوو و بنەما سەرەکییەکانی سیاسەت و بەرەوڕووبوونەوەی هێزە، کە لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکوو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و خەڵکی فرەڕەنگ و فرە نەتەوەیی ئەم ناوچەیە، دەرەتان بە هێزی سەرەڕۆ و ئاژاوەگێڕی وەکوو کۆماری ئیسلامی نادرێ کە فراوانخوازی بکا و هیچ دەسەڵاتێکی تاوانکار کە خەڵکی لە پشت نەبێ و لە نێوخۆدا داڕزابێ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ، بە نمایشی نیزامی و دەستێوەردان لە دەوروبەر تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە و ئەو هەڵانەی دەیکا ئێخەی دەگرنەوە.

شەللاق لێدان لە دەریا، رێژیمی ستەمکار لە شەپۆلەکانی دەریای ویست و داواکاریی خەڵک ناپارێزی و بە لافاوێک کۆشکی داڕزاوی دەسەڵاتی تاران دادەڕووخێ و لە مێژودا ون دەبێ.