کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگرتنی گشتیی شاری نەوسووددا، تێکڕای دووکان و بازارەکان داخران

15:41 - 19 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: تەرمی ئێحسان پەیام لاوی کوژراوی نەوسوودی بە دەستی هێزەکانی رێژیمی ئێران لە نێو ئاپۆڕای شارەکانی دەوروبەری نەوسوود بە خاک سپێدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی، دوابەدوای داواکاریی کۆمەڵێک لە لاوان و چالاکانی فەرهەنگیی شاری نەوسوود لەمەڕ داخستنی دووکان و بازار و مانگرتنی گشتی، ئەو مانگرتنە بەڕێوەچووە و جگە لە ٦ یان ٧ دووکان نەبێت، تێکڕای بازار و دووکانەکان داخران.
هاووڵاتییەکی شاری نەوسوود بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'مانگرتنی گشتیی شاری نەوسوود پاش بانگەوازی چالاکان و لاوانی ئەو شارە لەمەڕ مەحکووم کردنی کوشتنی \'\'ئێحسان پەیام\'\' هاووڵاتیی ئەو شارە بە دەستی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی بێ وێنە پێشوازیی لێ کرا و جگە لە چەند دووکانێک کە ئەوانیش کەسانێکی بە ساڵاچوو بوون و لە بانگەوازەکە ئاگادار نەبوون، تێکڕای دووکان و بازارەکانی ئەو شارە داخران\'\'.
ئەو هاووڵاتییە لەو پێوەندییەدا زانیاریی زیاتری خستەڕوو و وتی: \'\'هێزەکانی بەسیج، یەگانی تایبەت و هێزی ئینتزامییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێو شاری نەوسووددا بڵاوبوونەتەوە و هەروەها گوشاریان بۆ بنەماڵەی \'\'ئێحسان پەیام\'\' هێناوە و ئیزنی هیچ چەشنە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان نەداوە\'\'.
هێزەکانی رێژیم رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر واتە رۆژی مانگرتنی گشتی مانۆڕیان داوە و بە دووربینی وێنەهەڵگر بەنێو شەقامەکاندا سووڕاونەتەوە، هەتا پێش بە بەڕێوەچوونی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک بگرن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵک بە داخستنی دووکان و بازار رق و تووڕەیی خۆیان لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
تەرمی ئێحسان پەیام بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر بە خاک سپێردرا


رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ خەزەڵوەر تەرمی بێ گیانی ئێحسان پەیام لە نێو ئاپۆرای خەڵکی شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر، و نۆدشە لە شاری نەوسوود بە خاک سپێدرا.
لەلایەکی دیکەشەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە \'\'مەلا قادر قادری\'\' ئیمام جومعەی شاری پاوە و ژمارەیەکی زۆر لە پەرپرسانی رێژیم لە رێوڕەسمی پرسەی ئێحسان بەشدارییان کردووە و داوایان لە خەڵک کردبوو کە هێوری و هێمنی بپارێزن، بەڵام دواتر کە زانییان مانگرتن کراوە، بە ناچار لە نێو خەڵکدا ئەو کردەوەی هێزەکانی رێژیمیان بە جینایەت ناودێر کرد.
\'\'مەلا عەینی\'\' ئیمام جومعەی شاری نەوسوودیش کوشتی \'\'ئێحسان پەیام\'\' لاوی نەوسوودیی بە \'\'قەزا و قەدەر\'\' لەقەڵەم دابوو کە ئەو قسانەی ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتبووەوە.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەکی شاری نەوسوود وتی: لە کاتی نووسینی نووسراوەکان و ئاگادارییەکانی پرسەی ماتەمینی ئێحساندا، هێزەکانی رێژیم ئیزنی نووسینی وشەی \'\'شەهید\'\'یان بۆ ناوبراو نەداوە.