کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٢٨ ساڵدا، ٥٢ زیندانیی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کراون

18:06 - 11 جۆزەردان 2720

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە ماوەی ساڵەکانی ٧٠ هەتا ٩٨ی هەتاوی حوکمی ئێعدام‌کردنی ٥٢ زیندانیی سیاسییان جێبەجێ کردووە.

"ئاژانسی کوردپا" لە وتووێژێکدا لەگەڵ "عوسمان مستەفاپوور" دێرینەترین زیندانیی سیاسیی کورد؛ بڵاوی کردووەتەوە لە ماوەی ٢٨ ساڵدا، ڕێژیمی ئێران حوکمی ئێعدامی ٥٢ زیندانیی سیاسیی جێبەجێ کردووە.
"عوسمان مستەفاپوور" وەک شایەتحاڵێک باسی لەو جەنایەتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە زیندانیانی سیاسی لە زینداندا کردووە.

ناوبراو لەو وتووێژەدا وتوویەتی، ئەو زیندانییە سیاسییانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنکارەکان لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپا.

بەپێی قسەکانی "عوسمان مستەفا پوور" ٣٣ زیندانیی سیاسی بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ئێعدام کراون.

شوناسی ئەو ٥٢ زیندانییە سیاسییە ئێعدام‌کراوه  کە ئاژانسی "کوردپا" لە زاری "عوسمان مستەفاپوور"ەوە بڵاوی کردووەتەوە بەم چەشنەیە:

ئەحمەد ڕەسووڵی، مەلا جاسم دڵنشین، ئەیووب جەهانگیری، ئەبووبەکر خدری، سەلام قاسمی، شەهابەدین یارمحەممەدی، عەوەز، ڕەحیم، محەممەدئەمین، سەنار، حوسێن قووڵزادە، خالید بایەزیدی، مەدەنی ئیمامی، ڕەشید بابەکری، سەید ئیبراهیم تاهیری، عەبدوڵڵا ئەمینی، سەید کەریم ڕاج، ئەحمەد خدری، مەجید سڵدووزی، ڕەحمان ڕەجەبی، سەید جەماڵ قورەیشی، خالید شەوقی، حەمزە قادری، ئەنوور جەوانمەردی، جەلیل زیوەیی، قادر شەهامەت، کەریم عەبدوڵڵاپوور، کازم میرزایی، حەسەن سوڵتە، عومەر سوڵتە، حوسێن تورک زبان، پەرویز تورک زبان، مەنسوور ئاروەند، سەلیم سابیرنیا، مستەفا قادری، ئیسماعیل محەممەدی، عەلی ئەفشار، ڕزگار ئەفشار، محەممەد عەبدوڵڵاهی، حەسەن حیکمەت جەمیل، حوسێن خدری، حەبیب گوڵپەری‌پوور، سیروان نژاوی، بێهروز ئاڵخانی، محەممەد پەنجوێنی، ئەرسەلان چەمچەماڵی، ڕەسووڵ باوەند، خدر مەحموودی، مەهدی قاسم‌زادە، یووسف عەزیز فەتاح، مەحموود زوڵفەقاری و زاهیر مستەفا.