بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لەگەڵ شاندێکی حیزبی "سۆسیال چەپـ"ـی نۆروێژی "ئیس.ڤێ" کۆ بووتەوە.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان "گەلاوێژ محەممەدی" بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە "نۆروێژ" لە بنکەی سەرەکیی حیزبی "ئیس.ڤێ" لە "ئۆسلۆ" لەگەڵ "لێنە هانس هویس"، "هایتهام ئێلنوش" و "مەسعوود ناسری" کۆ بووەتەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر بانگهێشتی بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە "نۆروێژ" پێکهاتووە و ئەم بابەتانە باسیان لەسەر کراوە.
بڕیار و بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ هەڕەشە و مەترسییەکانی هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای ئەو حیزبانە و هەروەها ئەو هێرشانەی دوایی ڕێژیم بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
قەیران و کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی زاڵ بە سەر کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەر خەڵکدا سەپاوە.
دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیران لە ناوچە و نانەوەی بەردەوامیی ئاژاوە و شەڕ و نائارامی.
ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ ی زایینی و ژمارەی کوردەکان لەو ڕێژەیە کە بە گوێرەی ئامارەکان بەرزترین ڕێژە هەبووە.
ناردنی سیخوڕ و خەڵکانی تێرۆریست لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە و "ئورووپا" لە ژێر ناوی خوێندکار.