کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە واشینگتۆن باسی چالاکتر بوونی کوردەکانی ئێران کرا

20:36 - 4 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ڕاپۆڕتی ناوەندێکی بریتانیایی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ و کەمایەتییەکانی نێو ئێران، لە پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵسەنگاندنی لەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‏شەممەی ڕابردوو یەکی ڕێبەندان، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی ئێران لە شاری واشینگتۆن بەڕێوە چوو، کە تێیدا چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، هەڵسەنگاندنیان لەمەڕ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئێعدامی کەمایەتییەکان و کوشتاری کۆڵبەرانی کورد کرد.

لەو دانیشتنەدا کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێڤیش بەشدار بوو، ڕەحیم ڕەشیدی بە نوێنەرایەتیی گەلانی ئێران، ئاماری ئیعدامی هاووڵاتیانی ئێرانیی بڵاو کردەوە.

ڕێکخراوی سماڵ‏مێدیا کە ناوەندەکەی لە شاری لەندەنە و سەبارەت بە بابەتگەلی ئینترنێت و پرسی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان چالاکی دەکات، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی و هەلومەرجی ژیانی کرێکاران و پێگەی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکانی نیشتەجێ ئێران، بڵاوکردەوە.

ڕەشیدی لە هۆڵی سەرەکیی ناوەندی توێژینەوەیی ئێریکس گوتی: تەنیا لە دەورانی ڕووحانی‏دا، ٩٢٧ کەس لەداردراون کە زۆرینەیان سەر بە نەتەوەکانی ژێرستەمن و هەروەها ٦٨ کەس لە ماوەی چەند حەوووتی ڕابردوودا و لە بەرەبەرەی کێبەرکێی هەڵبژاردنی مەجلیس‏دا، ئێعدام کراون. هاوکات ١٦ کەس لەو ئێعدام کراوانە منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە؛ تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥دا، ٧١ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون و لە پاڵ ئەمەش‏دا، بوونی پتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە کوردستان، بە بەردەوامی ژیان و گوزەرانی خەڵکی خستۆتە مەترسییەوە.

کۆڕگێڕان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان، کوردەکان لە ئێران‏دا لە نەتەوەکانی دیکە چالاکتر و ڕێکخراوترن و ڕەشیدی ئەم بابەتەی بۆ ژیانی سیاسیی و حیزبی و خەباتی ئازادیخوازانە لە کوردستان گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆڕەکە لە ٧٠هەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان‏دا، بەڕێوەدەچێ کە بۆ کوردەکان گرینگیەکی بەرچاوی هەیە.

لابردنی گەمارۆ جیهانییەکانی سەر ئێران و کاریگەرییەکانی لە سەر دۆخی ئابووریی خەڵک، بابەتێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو. لەو تەوەرەدا باس لەوە کرا کە؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئابووریی ئێران لە دەستی دەوڵەت و سپای پاسداراندایە، چاوەڕوان ناکرێ کە ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر بێ. جاران نرخی یەک بەرمیل نەوت، پتر لە ١٠٠ دۆلار بوو، کەچی ئێستا بۆتە ٢٥ دۆلار.

دانیشتنی ناوەندی توێژینەوەیی ئێریکس کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، دوابەداوای ڕاپۆڕتێکی ڕێکخراوی سماڵ‏مێدیا لە بریتانیا ڕێکخرا.

لە کۆبوونەوەکەی واشێنگتۆن‏دا، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتەش بەشدار بوون.

13439.jpg

13441.jpg