کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئورووپا و کانادا دژی هێرشەکانی تورکیە خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

16:50 - 22 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بە مەبەستی مەحکووم کردنی هێرشی داگیرکەرانەی تورکیە بۆ سەر خاکی کوردستان و پێشگرتن لەو هێرشانە لە سێ وڵاتی کانادا، ئۆتریش و دانمارک خۆپێشاندان بەڕێوە چوو.

کانادا

لە شاری تۆرونتۆی کانادا، سەدان کەس لە کوردستانیانی دانشتیوی ئۆنتاریۆ لە کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ  هەتا ٦ی ئیوارە بۆ مەحکووم کردنی ھێرش بۆ سەر کوردستانی روژئاوا لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە کە بووەتە ھۆی گیان لە دەستدانی دەیان کەسی مەدەنی خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

لەم خۆپێشاندانەدا نزیک بە ١٥٠٠ کەس لە کوردانی ھەر چوار بەشی کوردستان بە ھەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و کانادا بەشدار بوون.

ئۆتریش

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەر، خۆپیشاندانێک بە بەشداریی نزیک بە ٥٠٠ کەس لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی ئۆتریش بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانە بۆ شەرمەزارکردنی سیاسەتی شەڕخوازانە و داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورکیە دژ بە خەڵکی بێتاوانی کوردستانی ڕؤژئاوا بووە.

ئەو هەوڵەی دەوڵەتی تورکیە بە هاوکاریی هێزە ئیسلامییە توند ئاژووەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی و ئەرتەشی بە ناو ئازادی سووریە بۆ قەڵاچۆ کردنی خەڵکی کورد و داگیرکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستانی ڕۆژئاوایه.

ئەو خۆپیشاندانە لە لایەن ئەنەکەسە واتە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە و بەشێک لە ڕێکخراوە کوردستانیەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە لە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ لە گۆڕەپانێکی ناوەندی شارەوە دەستی پێکرد.

دوای خۆیندنی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"  بە دانی دروشمی "دەرکەوتنی ئەرتەشی تورکیە لە کوردستانی ڕۆژئاوا، ئەردۆغان دیکتاتۆر، ئەردۆغان فاشیست ، گەلی کورد یەکە" بەرەو باڵوێزخانەی ئامریکا لە شاری ڤییەن وەڕێ کەوتن.

 لە نیزیک باڵوێزخانەی ئامریکا وتارێک لە لایەن نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریەوە خوێندرایەوە.

ئەو وتارە بە نوێنەرایەتی بەشدارانی خۆپیشاندانەکە لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نەتەوەی کورد دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی و دانی هەزاران قوربانی لەو پێناوەدا و هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی تورکیە بە هاوکاری هێزە ئیسلامیەکان بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا خوێندرایەوە.

لەو وتارەدا باس لەوە کرابووە بێدەنگی و بێ هەڵویستیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قەبووڵ ناکرێت و داوای هاوکاری لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا ئیقدامێک بکات.

دانمارک

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٠ی ڕەزبەر بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە كوردانی دانیشتووی باكووری دانمارک خۆپێشاندانێكی بەرین لە شاری ئاڵبۆرگ بەڕێوە چوو.

لەو خۆپێشاندانەدا كوردانی ھەر چوار بەشی كوردستان و خەڵكی دانمارک بەشدار بوون.

خۆپێشاندەران داوایان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد كە ھێرشی ڕێێژیمی توركیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا پێشی پێ بگیردرێت.

دەوڵەتی دانمارك بە فەرمی فرۆشتنی چەكی بە توركیە ڕاگرتووە و ھێرشی ئەو وڵاتەی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحكووم كردووە.

هاوکات باڵوێزی تۆركیە بە فەرمی بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی دانمارک كراوە و ناڕەزایەتی ئەو وڵاتەیان لەھەمبەر ھێرش بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا پێ ڕاگەیاندووە.