کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئاڵمان ڕێز لە کەسایەتییەکی تێکۆشەر گیرا

12:45 - 13 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لە دوکتور گوڵموراد مورادی، وەک کەسایەتییەکی تێکۆشەر و دیاری ڕۆژهەڵات، لە لایەن ناوەندی جیهانیی کورد لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان، ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا، کە ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی جۆزرەدان بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان، بە سەرپەرەستیی خاتوو کەژاڵ نەقشبەندی بەشدارییان کرد و بەم بۆنەوە پەیامێکیان خوێندەوە.

کەژاڵ نەقشبەندی لە پەیامەکەیدا وتی: "بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی ئاڵاهەڵگری پرسی نەتەوەیی لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان، هەموو کاتێک کەسایەتییە زەحمەتکێش و ماندوونەناسەکانی نەتەوەکەمان، تێکۆشەران، ڕۆژنامەوانان، هونەرمەندان و بەگشتی ڕووناکبیران و هەموو ئەو کەسانەی کە لە پێناو خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و لە بواری جۆراوجۆردا خزمەتیان بە نیشتمانەکەیان و دۆزی ڕەوای گەلەکەیان کردووە، تایبەتمەندی بەرچاوی هەبووە و بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە لە هەوڵەکانیانی ڕوانیوە، کە یەکێک لەو مرۆڤە تێکۆشەرانە جەنابی دوکتور گوڵموراد مورادی بووە و هیوای سڵامەتی و تەمەندرێژی بۆ بە ئاوات دەخوازین".

شایانی باسە، دوکتور گوڵموراد مورادی، خۆشحاڵیی خۆی بەو بۆنەوە دەربڕی و سپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی ئاڵمانی کرد.