کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی بریتانیا ڕێز لە شەهیدانی میکۆنوس گیرا

12:36 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بریتانیا بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی میکۆنوس ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە یادی ٢٦ ساڵەی شەھیدکرانی دوکتور سەعید و ھاورێیانی مەڕاسمێکی بە شکۆی لە شاری بێرمینگھام بەڕێوە برد.

سەرەتای مەڕاسمەکە بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد.

پاشان "فەرید دەیھیم" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا لە سەر کەسایەتی دوکتور سادق و ھەروەها تێروریزمی نێو دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی باسێکی پیشکەش کرد.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی به مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان و پەیمان نوێکردنەوەیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات کرد.

دەیهیم لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی به پەیمانی دوکتور سەعید لە کاتی شەھیدبوونی دوکتور قاسملوو دا و وتی ئێمەش ئەو پەیمانە لەگەل دوکتور سەعید نوێ دەکەینەوە هەتا ھاتنەدی ئاواتەکانی دوکتور سادق درێژەدەی ڕێبازی دەبین.

پاشان پەیامی "پەیەدە" بەم بۆنەیوە لە لایەن "ویجدان دەرکی" نوێنەری پەیەدەوە خوێندرایەوە.

 لەو ڕێوڕەسمەدا چەند وتەیەک لە لایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسیی "پارتی دێموکراتی کورد" لە سووریە "زەرار" و ھەروەها پەیامی کۆمەڵەی کوردی لە لایەن "مۆحسێن" پێشکەش کرا.

لە کۆتاییدا "عەلی ئەشرەف مورادیان" چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.