کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی "سویس" خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی تاران بەڕێوە چوو

12:07 - 29 خەرمانان 2721

خۆپێشاندان لە شاری "بێرن" پێتەختی وڵاتی "سویس" دژی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایان ناوەندی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، خۆپیشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی پەلاماری ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران بۆ سەر ھەریمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری "بێرن" لەلایەن ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

 سەرەتای ڕێوڕەسمەکەی بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لەلایەن "زاهیر قادرحاجی" باسێک لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئاخوندی پێشکەشی بەشداربووان کرا.

پاشان پەیامی ناوەندی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دژی تۆپبارانکردنی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەلات لەلایەن "تەوار ئەبرووزەنی" بە زمانی ئینگلیسی خۆیندرایەوە.  هەروەھا لەلایان بەشداربووانەوە چەند دروشمێک بە زمانەکانی "کوردی و ئاڵمانـ"ـی دژ بە ڕێژیمی ئاخوندی وترایەوە .

لە درێژەی خۆپیشاندانەکە پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارت بە تێرۆری "میکۆنووس" لەلایەن  "موختار ڕاوێش" بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس خۆیندرایەوە  .

 ھەروەھا پارچە پەخشانێک لەلایەن "خوسرەو خزری" پێشکەش بە بەشداربووان کرا لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە سروودی ئەی شەھیدان لەلایەن ئەندامانی حیزبی دێموکرات پێشکەشی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

پاشان لەلایان  "ڕزگار ڕاشیدی" پەیامی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارت بە مەحکوومکردنی پەلاماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خوێندرایەوە.

ھەروەھا لەلایەن "واحید سەڵامەت" پارچە ھۆنراوەیەک پێشکەشی ئامادە بووان کرا.

کۆتایی مەراسمەکە لەلایەن "ئەنوەر بەردیا" بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سویس سپاسی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی کرد و باسێکی لەسەر مەحکوومکردنی ھێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە و دادگای "میکۆنووس" پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

خۆپیشاندانەکە بە دروشم دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خوێندنەوەی سروودێکی شۆڕشگێڕانە لەلایەن "موختار ڕاوش" کۆتایی پێھات.