کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی فنلاند، خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئازدیخوازی کوردستان و مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

15:10 - 1 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بۆ پشتیوانی لە خەڵکی خرۆشاوی کوردستان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە وڵاتی فنلاند و لەبەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران، خۆپیشاندان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی فنلاند، بە مەبەستی پشتیوانی لە خواست و داخوازیی خۆپیشاندەران و خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستانی ڕۆژهەڵات و سەرانسەری ئێران، خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان لە شاری هێلسینکی بەڕێوە برد.

لەم خۆپیشاندانەدا کە سەدان کەس تێیدا بەشدار بوون، بە وتنەوەی دروشم و ڕێپێوان بەرەو باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دەستی پێکرد.

خۆپیشاندانەکە لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران، بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ئەم دواییانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران درێژەی کێشا.

لە بەشەکانی دیکەی ئەم خۆپیشاندانەدا، بەیاننامە و داخوازیی خۆپیشاندەران بە سێ زمانی کوردی، فارسی و فنلاندی خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەی خۆپیشاندەران، وێرای ئاماژەکردن بە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران و کوردستان، پشتیوانی لە خواست و داواکانی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران و هەروەها هەڵسوکەوت و توندوتێژیی هێزە جینایەتکار و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی ناڕازیی ئێران و بەتایبەت کوردستان، مەحکووم کرابوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: '' ئاستی توندوتیژی و سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران لە پارێزگا و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، زۆر جیاوازتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بووە، هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکان، بەبێ هیچ سڵ کردنەوەیەک، دەستیان لە کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی کورد نەپاراستووە و بە دڕندانەترین شێوە هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی کورد و بە تەقەی ڕاستەوخۆ، دەیان کەسیان شەهید و سەدان کەسیان بریندار کردووە".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێمە وەکوو بەشدارانی ئەم ڕێپێوانە هێمنانە، وێڕای پشتێوانیی خۆمان بۆ داخوازیی خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازی لە کوردستان و ئێران، داوا لە حکوومەتی فنلاند، یەکیەتیی ئورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین کە:

١- بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران، گوشار بخرێتە سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تا مافی خۆپیشاندەران لە بەرچاو بگرێت.

٢- ڕێژیمی ئێران ناچار بکەن تاکوو ئاماری وردی کوژراو، بریندار و دەسبەسەرکراوەکان ڕابگەیەنێت و گیراوەکان ئازاد بکات.

٣- ڕێژیمی ئێران لە بڕیاری گرانکردنی بێنزین پاشگەز ببێتەوە و داخوازیی خۆپیشاندەران ڕەچاو بکات.

٤- هێڵەکانی ئینتێرنێت ئازاد بکەن و ڕێز لە ئازادیی بەیان بگرن.

٥- ئەو پارە و بودجەیەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ گرووپە تێرۆریستەکان و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و جیهاندا خەرجی دەکات، بۆ نەتەوەکانی ئێران و ئاوەدانکردنەوەی وڵات تەرخانی بکات.

٦- ڕێژیمی ئێران ناچار بکرێت کە جیاوازییە سیاسییەکان، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزییەکانی خەڵکی ئێران بەفەرمی بناسێت و ڕێزیان لێ بگرێت.

٧- بە گوشارهێنانی کردەیی، ڕێژیمی ئێران ناچار بکرێت کە ڕێز لە مافەکانی مرۆف بگرێت و ژن و پیاو لە مافی وەک یەک پشکدار بکرێن.

و...

بەشدارانی ڕێپێوانەکەی شاری هێڵسینکی، وێڕای وتنەوەی دروشمگەلی وەک: ''بڕووخێت کۆماری ئیسلامی'' و "زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن'' کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکەیان هێنا.