کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆروێژ یادی ١٠ی خاکەلێوە بەرز ڕاگیرا

18:24 - 7 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە ئەندام، لایەنگر و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی "نۆروێژ" و هەروەها بە بەشداریی "كاوە عەبداڵی" بەرپرسی ڕێكخستنی گشتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات، یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە بەرز ڕاگیرا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' لەلایەن "هێدی قادری" و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر لەلایەن یەکیەتییەکانی ژنان و لاوان، مۆمی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە داگیرسێنرا .

پاشان ''هیوا ئەحمەدی'' ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی ئەو یادە، وتەیەکی سەبارەت بە ڕۆژی شەهیدان کە باسێکی پڕنێوەرۆک و هەڵگری چەند بابەتی پێوەندیدار بە مێژووی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، خەبات و بەربەرەکانێ بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و هاوکات پێویستیی ئاوڕدانەوەی جیدی لە یادی ١٠ی خاکەلێوە بوو، پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆڕیادەدا "ئەحمەد پیری" لە پانێلی یەکەمدا وەک پێشکەشکار لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستان و ١٠ی خاکەلێوە و حیزبی دێموکرات و ڕاسانی نوێی خەباتی شاخ و شار و چەندین باسی تر، پرسیاری ئاراستەی بەشداربووان کرد.

پاشان "گەلاوێژ مێهفەر"، "عەزیم ئەلیاسی" و "گوڵان هیجری" زۆر بە وردی چوونە سەر باسی ئەو برگەیە کە بە شێوەی پرسیار ئاراستەیان کرابوون.

 لە بڕگەیەکی دیکەدا سروودی "ئەی شەهید" لەلایەن "هێدی قادری" پێشکەشی بەشداربووان کرا.

هەروەها پەخشانە شێعرێک لەلایەن "سەلیم حەقیقی" پێشکەش کرا.

هەروەتر لە پانێلی دووەمدا "مریەم عەلی پوور'' ئەندامی لێژنەی ئامادەکاریی یادی ١٠ی خاکەلێوە، وەک پێشکەشکار چەندین پرسیاری پڕنێوەرۆکی سەبارەت بە سەردەمی کۆماری کوردستان، دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کارەساتی ١٠ی خاکەلێوە، کەسایەتیی "پێشەوا قازی محەممەد" و هەلومەرج و دەرفەتەکانی ئەو کاتی وەک پرسیار لە "ئەحمەد پادگانی"، "ڕەعدە پاڵانی" و "ئەنوەر کۆهنساڵ" کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا سروودی "دایە ئەز پێشمەرگەمە" لەلایەن "مەدینە فەسیحی" پێشکەش کرا.

بەشێک لە بەرنامەکە لەلایەن ئامادەکارانی لیژنەکە، تایبەت کرا بە پێشکەشکردنی نامەی ڕێزلێنان لە بەشدارانی هەردووک پانێلەکە.

دوا قۆناغی کاری کۆڕیادەکە لەلایەن "ئیسماعیل عەلیپوور" بەرپرسی کۆمیتە لە "نوروێژ" کۆبەندی باس و بابەتەکان کرا.