کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ کۆبوونەوەیەک بە نیسبەت خۆپیشاندانەکان پێکهات

17:56 - 6 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە بەشداریی شاندی حیزبی دێموکرات لە وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٥ی سەرماوەز، لە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، "بەشی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندێکی کوردی پێکهاتوو لە "مەنسوور عەزیزی"، جێگری بەشی  پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، "ئاسۆ قادری"، نوێنەری ناوەندی "دێ تایمز ئاف کوردستان"، "مەحموود بیرۆ"، کەسایەتیی سیاسی و چالاک لە بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان،  "بیۆرن دیسڤیک"، بەرپرسی دەفتەری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و"ئێرنێیێرمۆندسێن"، ڕاوێژکاری بەرپرس و بەرپرسی کەیسی ئێران لە وەزارەتی دەرەوە، کۆبوونەوەیەک پێکهات.

لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرەتا "مەنسوور عەزیزی"، نوێنەری بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، وەک گوتەبێژی شاندە کوردییەکە، زانیارییەکی وردی لەسەر کاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان و هۆکارە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، پێشکەش کرد.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بابەتی گرانبوونی بێنزین تەنیا، یەک لەو خاڵانەیە کە خەڵک ناڕەزایەتی لە دژی دەردەبڕن و لە بنەڕەتدا، نەبوونی ئازادی و دێموکراسی لە وڵاتدا، گەندەڵی و دزی و ملهوڕی و دیکتاتۆریی ئەو ڕێژیمەیە، کە خەڵک لە دژی وەستاونەتەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، شارە کوردستانییەکانی وەک: "کرماشان، مەریوان، جوانڕۆ، بۆکان و سنە و ناوچەکانی دیکە"، بە هۆی بەشدارییان لەو خۆپیشاندانانەدا، بە توندی سەرکوت کراون.

عەزیزی باسی لەوە کرد، ڕێژیم چەند قاتی شارەکانی دیکەی وەک: "تاران، ئیسفەهان و شیراز"، لە کوردستاندا توندوتیژی نیشان دەدات.

ناوبراو باسی لەوە کرد هەتا ئێستا نزیک بە ٥٠ کەس لە کوردستاندا بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمەوە شەهید کراون، سەدان کەس بریندار بوونە و بە هەزاران کەسیش بریندار بوونە.

"مەنسوور عەزیزی"، هەروەها وتی کە، هەر ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، شارەکانی "جوانڕۆ" و "مەریوان"، بە توندی مێلیتاریزە کراون.

عەزیزی باسی لەوە کرد. خەڵک بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدەکانیان لە ڕێژیم وەرگرنەوە ، پێویستە ٤٠ ملیۆن تمەن بە ڕێژیم بدەن و بۆیان نییە کە سەرەخۆشی بۆ شەهیدەکانیان دابنێن و دەبێ زۆر شاراوە بە خاکیان بسپێرن.

 ناوابراو باسی لەوە کرد، ئەو کارەی ڕێژیمله  کاتێکدایە کە بریندارەکان لە ترسی ئەوەی کە دەسبەسەر نەکرێن، نابرێن بۆ نەخۆشخانەکان و هەر لە ماڵەوە خەڵکەکە خۆیان هەوڵ دەدەن چارەسەریان بکەن.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە دانی نامەیەکی فەرمی بە وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ، هەر لە سەر خۆپیشاندانەکان و ئاماژەدان بەوەی کە گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خاوەن کۆمەڵێک داوای ڕەوای سیاسی و نەتەوایەتی.

عەزیزی داوای کرد کە گوشار بخرێتەوە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی دەست لە کوشتنی خەڵک هەڵگرێ و مافی ئەوەیان پێبدات  کە بتوانن ئازادانە خۆپیشاندان بکەن و سەرکوتیان نەکرێن.

ناوبراوداوای کرد کە دەوڵەتی نۆروێژ گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەی هێڵی تەلەفۆن و ئینتێرنێت بەسەر خەڵکدا دانەخات بۆ ئەوەی بتوانن دەنگی خۆیان بە گوێی جیهان بگەیەنن.

لایەنی نۆروێژیی بەشدار لەو کۆبوونەوەیەدا، وێڕای ئەوەی سپاسی ئەو شاندە کوردییەیان کرد بۆ ئامادەبوون لەو کۆبوونەوەیە، بەڵێنییان دا کە بە زوویی نامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەڵسەنگێنن و بانگهێشتی نوێنەرانی سەفارەتی ئێرانیش بکەن لە نۆروێژ بۆ ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەو خاڵانەی باسکران، داوای ڕوونکردنەوەیان لێبکەن.

نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران، مافی خۆپیشاندانی خەڵکیان بە مافێکی ڕەوا زانی و پێیان وابوو کە ڕێژیمی ئێران نابێ درێژە بەو شێوە سەرکوت و زەبروزەنگانە بدات.

ئەوان هەروەها داوایان لە نوێنەرانی کورد کرد کە، هەروا لە پێوەندی دابن و لە هەر زانیارییەکی نوێ کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دێتە ئاراوە، ئاگاداریان بکەنەوە.