کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پارلمانی دانمارک لەسەر خەباتی حیزبی دێموکرات گفتوگۆ کرا

11:18 - 23 رەشەمه 2719

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمە، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە دانمارک لەگەڵ سێ پارلمانتاری ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە.

شاندی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی "ھەژار دەشتی" لەگەڵ "دانا ئەلیاسی" لە سێ دیدار و چاوپێکەوتنی تایبەتدا لەگەڵ ھەر یەک لە "لارس ئەسڵان" پارلمانتاری پارتی سوسیال دێموکراتی دەسەڵاتدار، "سۆرەن سۆندەرگورد" پارلمانتاری پارتی لیستی ھاوپەیمانی و لە کۆتاییشدا لەگەڵ "حەلیمە ئوغوز" پارلمانتاری پارتی سوسیالیستی گەل کۆ بوونەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر مێژووی حیزبی دێموکرات، سیاسەتی بوارە جیاوازەکان، ئامانجی دواڕۆژی حیزب، ڕاسان و جەمگەکانی تری خەبات، کێشە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگای کوردەواری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک بێکاری و ھەژاری، ئالوودەبوون بە ماددەھۆشبەرەکان، دیاردەی کۆڵبەری، ئاسیمیلاسیۆن، گۆڕینی دێموگرافی و زۆر بابەتی دیکە گفتوگۆ کرا.

لە کۆبوونەوەکاندا ئاماری تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژھەڵات، زیندانییانی سیاسی و لیستی ئەندامانی حیزب کە لەلایەن ڕێژیمی تیرۆریستی ئێرانەوە شەھید کراون درایە دەست پارلمانتاران.

لە کۆتاییدا لەسەر پەیوەندیی زیاتری دوو لایەن جەخت کرایەوە و باس لە پانێلێکی تایبەت بە دۆزی کورد لە ھەر چوار بەشی کوردستان کرا کە بڕیارە لە داهاتوودا بەڕێوە بچێت.