کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پێرلاشێز ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دوکتور شەرەفکەندی و هاورێیانی بەڕێوە چوو

12:43 - 27 خەرمانان 2721

بۆ ڕێزلێنان لە یادی شەهیدانی میکۆنووس دوکتور''سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان'' ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات لە گۆڕستانی پێرلاشێز لە شاری پاریس کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.

لەم ڕێوڕەسمەدا، سەرەڕای ئەوەیکە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و بەهۆی یاساکانی حکوومەتی فەرانسە ژمارەی بەشداربووان سنووردار کرابوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها نوێنەرانی پارت و لایەنەکانی ئێران و کورد بەشداریی ڕێوڕەسمەکەیان کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە دانانی تاجە گوڵینە لە سەر مەزاری نەمران دەستی پێکرد و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیەندرا و پاشان بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب''  دڕێژە بە ڕێوڕەسمەکە درا.

دەسپێکی بەرنامەکە بە وتاری ''حەسەن شەرەفی'' بەرپرسی ناوەندی سیاسی و جێگری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد.

بەرپرسی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات لە وتاری خۆیدا بە وەبیرهێنانەوەی یادی ئەو شەهیدە مەزنانە  و ڕێبازیان و خەبات بە دژی ئەو ستەمەی کە دەرحەق بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کراوە و دەکرێت و تا ئێستاش دڕێژەی هەیە پێداگری کرد کە قوتابیانی ڕێبازی شەهیدان درێژەپێدەری ڕێگای گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی خەباتی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبن.

"شەرەفی" لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی دوکتور''سادق شەرەفکەندی'' لە پڕکردنەوەی جێگای خاڵی دوکتور ''قاسملوو'' کرد و وتی دوکتور ''سەعید'' بە لێزانی و هوشیاریەوە وای کرد کە بێ "قاسملوو"یی بە حیزبە وە دیار نەبێ بەڵام ماشینی تێرۆری دەزگای داپلۆسێنەری ڕێژێمی ئیسلامیی ئێران بەداخەوە ئەویشی لە حیزب و نەتەوەی کورد ستاند.

''حەسەن شەرەفی'' لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بوردومانی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە دەست کاربەدەستانی ئەمنییەتی و ‌هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووی دا و وتیشی کە ئەوە یەکەمجار و دواجاریش نییە کە ئەم بۆردومانانە ڕوو دەدات بەڵام  ئەم کردەوە دزێوانە پێش بە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد ناگرێت.

''شەرەفی'' لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێمۆکراتەکان کرد و هیوای بۆ یەکگرتنی هەموو لایەنەکانی کورد خواست.

دواتر پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و شورای دێموکراسیخوازانی ئێران و هاوپێوەندی بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران لەلایەن خانمی "ئێران" و دواتریش پەیامی بزوتنەوەی کۆماریخوازانی دێموکرات و لائیکی ئێرانی فێدراڵ خوێنداریەوە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا دوکتور ''فرێدریک تێسۆ'' دۆست و هاورێی دێرینی خەباتی کورد و دۆستی نزیکی شەهیدان دوکتور ''قاسملوو'' و دکتور ''شەرەفکەندی'' باسێکی کورتی لە سەر کێشەی کورد کرد و سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشنابوونی لەگەڵ کێشەی کورد و ڕێبەرانی کورد وتی: ''من لەگەڵ ناسینی کورد لە ڕێگای دوکتور ''قاسملوو'' و دوکتور شەرفکەندیەوە لەدایک بووم''.