کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەند شاری ئاڵمان دژی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

17:16 - 17 رەشەمه 2720

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمە، لە درێژەی کاردانەوەکان بە ئەنجامدانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیستان و بەلووچستان، کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە چەند شاری گەورەی وڵاتی ئاڵمان لەلایەن حیزبی خەڵکی بەلووچستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانانەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بە بەشداریی چالاکانە پاڵپشتی خۆی لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی بەلووچ و باقی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران دەربڕی.

لە خۆپیشاندانی شاری نۆرنبێرگ ''حەسەن ڕەزایی'' بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ''نۆرنبێرگ '' پەیامێكی خوێندەوە.

ناوبراو وێڕای مەحکوومکردنی کوشتنی کاسبکارانی بێدەرەتانی بەلووچ کە بە "سوختبەر" ناسراون ئاماژەی بە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژی خۆپیشاندەرانی ئەو دوایانەی شارەکانی سیستان و بەلووچستان کرد.

ناوبراو هەروەها لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ئێعدامی چەند چالاکی سیاسیی عەرەب کرد کە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە بەندیخانەی "سپیدار"ی ئەحواز ئێعدام کرابوون.

"ڕەزایی" لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە زوڵم و زۆرداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و بەتایبەت تەقەی ڕاستەوخۆی ڕۆژانەی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە کۆڵبەرانی کورد کرد.

''حەسەن ڕەزایی'' لەو قسەکانیدا باسی لەوە کرد یەکگرتوویی و هاوخەباتیی گەلانی ئێران و بەتایبەت هەردوو گەلی کورد و بەلووچ بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆتاییهێنان بە تەمەنی پڕ لە تاوانی ئەو ڕێژیمەی بە گرینگ وەسف کرد.

ناوبراو لەو بارەوە پاڵپشتیی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ گەلی تێکۆشەری بەلووچ و سەرجەم گەلانی ئێران و ئازادیخوازان دووپات کردەوە.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا، هەمان ڕۆژ لە شاری ''دوسلدۆرفـ''ـیش کۆبوونەوەی ناڕزایەتی دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کومیتەی ناوچەی ''نۆرد ڕاین وێستفالنی'' حیزبی دێموکرات چالاکانە بەشداریی کرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەتی نەتەوەی کورد دووپات کردەوە.