کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین وڵاتی ڕۆژاوایی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەحواز خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

12:09 - 4 گەلاوێژ 2721

کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیران لە سێ وڵاتی بلژیک، بریتانیا و کانادا بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مافخوراوی ئەحواز و مەحکوومکردنی جینایەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی گەلانی مافخوازی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بێلژیک

ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە  وڵاتی بێلژیک لەسەر بانگهێشت و داوای فەرمیی حیزبی ''تەزامۆنی ئەلئەحواز'' کە یەکێک لە هاوپەیمانانی حیزیی دێموکرات لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵە، لە شاری برۆکسێل لە بەردەم پارلەمانی ئورووپادا لە خۆپیشاندانێک کە بە مەبەستی  پشتیوانی لە سەرهەڵدانی خەڵکی ئەحواز ڕێک خرابوو بەشداریی کرد.

لەو خۆپیشاندانەدا ''بەها ئیبراهیمی'' و ''کاوە ئاهەنگەری'' بە  نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک پەیامێکیان پێشکەش کرد.

 ناوبراوان لە پەیامەکانیاندا وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی حیزب لە داوا ڕەواکانی گەلی ئەحواز هیوایان خواست کە ئەم سەرهەڵدانانە سەرانسەری ئێران بگرێتەوە و کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ڕێژیم بێنێت و گەلانی ئێران بتوانن بە ئازادی و بەرابەری پێکەوە بە ئاسوودەیی بژین.

بریتانیا

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی گەلاوێژ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی وەزاڵەھاتووی ئەحواز کە ماوەی چەندین ڕۆژە ڕاپەڕیون و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سەرکوت دەکرێن، بەشداریی خۆپێشاندانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵیان کرد.

لەو خۆپێشاندانەدا لەبەر دەرکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە لەندەن بەڕێوە چوو کە ھەموو نەتەوە غەیرە فارسەکانی ئێران تێیدا بەشدار بوون.

کانادا

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ، ئەندامانی حیزبی دێموکرات سەر بە کۆمێتەی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کانادا لە بەردەم پارلەمانی کانادا لە شاری ''ئۆتاوا'' بەشدارییان لە خۆپیشاندانێک کرد کە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەحواز پێکهاتبوو.