کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٩ گەڕەكی ئامەد، قەدەغەی هاتوچۆ بە شێوەی کاتی هەڵگیرا

14:35 - 15 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: قەدەغەی هاتوچۆ کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ٩ گەڕەکی ئامەد بە شێوەی کاتی، تەنیا بۆ دابین‌کردنی پێداویستییەکانیان هەڵگیرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە شێوەیەكی فەرمی یاسای قەدەغەی هاتوچۆ لە ٩ گەڕەكی ناوچەی سووری ئامەد هەڵگیرا، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوە بووە کە خەڵک بتوانن بێنە دەرەوە و، كەلوپەل پێداویستیی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

ماوەی حەفتەیەک دەبێت حكوومەتی توركیە یاسای قەدەغەی هاتوچۆی لە ٩ گەڕەكی ناوچەی سوور ڕاگەیاندبوو، کە ئەمەش وای‏كردبوو كە ژیانی هەزاران هاووڵاتی لە مەترسیدا بێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، هەڵگرتنی یاسای قەدەغەی هاتوچۆ کاتییە و وێدەچێت دووبارە یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ، جێبەجێ بكرێتەوە.

پێشتریش، پارتی دێموکراتی گەلان هەدەپە(HDP)، داوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆی لەناوچەی سووری شاری ئامەدی باکووری کوردستانی کردبوو کە ماوەیەکی زۆرە ئەو ناوچەیە لە ژێر قەدەغەی هاتوچۆی سوپای تورکیەدایە.

بەهۆی شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی پاراستنی سڤیل و هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیەوە، لە ناوچەی سووری ئامەدی باکووری کوردستان، باری نائاسایی ڕاگەیندراوە و ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی خراوەتە ژێر قەدەغەی هاتوچۆوە.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە چوار گەڕەکی دیکەی ناوچەی سوور، لە کاتێکدایە کە، ماوەی ٦٤ ڕۆژە بەهۆی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە لە ١١ گەڕەکی ناوچەی سووری ئامەد، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پاراستنی سڤیل و هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیەدا بەردەوامە.

لە شەڕ و پێکدادانی نێوان یەکینەکانی پاراستنی سڤیل و هێزی پۆلیس و سپای تورکیەدا، هەتا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی تورکیە و پ.ک.ک کوژراون.

ناوچەی سووری ئامەدی باکووری کوردستان، لە ١٥ گەڕەک پێکدێت و لە ئێستاش‏دا، بە تەواوەتی خراوتە ژێر قەدەغەی هاتوچۆی سپای تورکیەوە.