کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "ئۆتریش" دژی ڕێژیمی تاران خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

12:19 - 30 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانان، بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی دڕندانەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاگرتێبەردانی باخات و لێڕەوارەکانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی باشوور بە مووشک، دڕۆن و فڕۆکەی شەڕکەر، تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی لە مانگی ٩ی ساڵی ١٩٩٢ لە شاری "بێرلین" و ڕێزگرتن لە شەهیدانی سەربەرزی ئەو کارەساتە، خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

 لەو خۆپیشاندانەدا وێڕای مەحکوومکردنی مووشەکبارانی بنکەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و شەهید و بریندارکردنی دەیان خەباتگێڕی بە ئەزموون و ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئەو جینایەتە سامناکەی کۆماری پەت و سێدارە هەر لەو مانگەدا و هەروەها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێران، گرتن، ئێعدام و لەسێدارەدانی شۆڕشگێڕانی کورد، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە بەردەم ئۆپەرای شاری "ڤییەن" بە بەشداریی هاووڵاتییانی کوردی نیشتەجێی وڵاتی "ئۆتریش" پێک هات.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" پێشکەش کرا. پاشان "حوسێن خاڵخاڵ وەک بەڕێوەبەری بەرنامەکە سپاسی بەشدارانی کرد.

 پاشان دوکتور"عەلی مازووجی" بە نوێنەرایەتیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتی "ئۆتریش" پەیامێک بە زمانی ئاڵمانیی لە پێوندی لەگەڵ هێرشە دڕندانەکانی ئەم دواییانەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی وەک "ئۆتریش و ئاڵمان" و  تێرۆری دوکتور "قاسملوو" و دوکتور "سادق شەرەفکەندی" لە وڵاتی "ئۆتریش و ئاڵمان"، پەرەسەندنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان لە کاتی هاتنەسەرکاری سەرکۆمار "ڕەیسیـ"ـەوە تا ئێستا، کردەوەی تێرۆریستیی بەناو دیپلۆمات "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" و داڕشتنی پلانی کردەوەی تێرۆریستی لە وڵاتی فەرانسە دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشی ڕابردووی کۆماری پەت و سێدارە بۆ سەر بارەگای ناوەندیی حیزبی دیموکرات و شەهید و بریندارکردنی دەیان شۆڕشگێڕی نیشتمانپەروەر، هێرش بۆ سەر پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزان، پارێزەرانی مافی ژنان و خوێندکاران، ئێعدام و لەسێدارەدانی بێ پسانەوەی شۆڕشگێڕانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، قسەی کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا هەروەها باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نابێ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە وتووێژەکاندا لەگەڵ وتووێژ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لێک جیا بکرێنەوە و ئەم دووانە دەبێ لەگەڵ یەکتری وەک یەک بابەت باس بکرێن و پێکەوە گرێ بدرێن.

دوای ناوبراو "حوسێن خاڵخاڵ" بە زمانی کوردی باسی لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و لە دەرەوە دەرحەق بە شۆڕشگێڕانی کورد کرد. ناوبراو هەڵسەنگاندنێکێشی بۆ شێوەی هەڵوێستی دادگای ئۆتریش و دادگای ئاڵمان کرد و لە و پێوەندییەدا هەڵوێستی وڵاتی "ئۆتریشـ"ـی لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری دوکتور "قاسملوو" خستە بەر ڕەخنە و وەک ڕێگاخۆشکەر بۆ تێرۆری "میکۆنووس" و شەهیدکردنی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی ناوی لێ برد و لە پێوەندی لەگەڵ بڕیاری دادگای ئاڵمان سەبارەت بە بەتاوانبارناساندنی کاربەدستانی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران وەک پلانداڕێژەری تێرۆری "میکۆنووس" و بڕێنەوەی سزای زیندانیکردن بۆ تاوانبارانی بەڕێوەبەری تێرۆرەکە ستایشی دادگای ئاڵمانی کرد و بەم چەشنە گردبوونەوەکە پاش دوو کاتژمێر کۆتایی پێ هات.

ناوبراو باسی لەوە کرد، لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و وڵاتپارێزانی شاخ و شار پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بە هەست پێکردن بە ژیانی دژواری ئەوان پاڵپشتێکی ڕاستەقینە بین بۆیان و لەوەی کە لە تواناماندا هەیە بۆ بەردەوامیی خەباتی پێشمەرگە درێغی نەکەین.  

لە کۆتایی ئەو خۆپیشاندانەدا سپاسی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و بە تایبەتی نوێنەرانی "پارتیا یەکیەتیی کوردستانی سووریە" و "ناوەندا چاند و جڤاکا کوردی" لە "ڤییەن" کرا.