کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئۆتریش پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان کرا

16:22 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە وڵاتی ئۆتریش خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، لەلایەن کۆمیتەی پشتیوانیی کوردستان، پێکهاتوو لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، میتینگێک  لە بەر دەرکی ئۆپەرای شاری ڤییەن بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی کوردستانی ڕۆژهەڵات دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێک هات.

سەرەتا سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" پێشکەش کرا و بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەگشتی و شەهیدانی ڕاپەڕینی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی، خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

پاشان "سامان عەباسی"، سروودی ئەی شەهیدانی پێشکەش کرد.

پەیامی کۆمیتەی پشتیوانیی کوردستان بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن "ئەرسەلان جەودەت" خوێندرایەوە. لە پەیامەکەیەدا هۆکار، چۆنیەتی و ئاکامی خۆپیشاندانەکانەکان لە نێوخۆ و هەروەها مەبەست لە خۆپیشاندانەکان خرایە بەر باس.

بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین تاکە هۆکاری ڕاپەڕینی بەربڵاوی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵکوو گەلێک هۆکاری دیکەن کە لە ماوەی ٤٠ سال تەمەنی ڕێژیمدا بوونەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک و بە بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین، گەیشتنە ڕادەی تەقینەوە.

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژ بە تەواوییەتی سیستمی دەسەڵاتدارە و دروشمی خۆپیشاندەران مردن بۆ دیکتاتۆر و ڕەتکردنەوەی هەموو سیستمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە.

پاڵپشتیکردن لە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی و تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک فەلستین، لوبنان و یەمەن بەتایبەتی و سەرفی بەشێکی زۆری بودجەی وڵات لەم ڕێگایەدا و بێبەشکردنی خەڵک لە داهاتی وڵات، یەکێکی دیکه لەو هۆکارانەن کە خەڵکی دژ بە نیزام تووڕە کردووە و هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی گشتی.

 بەرتەسککردنی ئازادیی بیروڕادەربڕین و قەدەغەکردنی هەر چەشنە بیرێکی جیاواز، سانسۆرکردنی چاپەمەنی و پەرەپێدان بە گەندەڵیی ماڵیش بەشێک لەو هۆکارانەن کە خەڵکی لە نیزام بێزار کردووە.

لە پەیامی کۆمیتەی پشتیوانیی کوردستاندا ئاماژە بە هێرشی دڕندانەی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر خۆپیشاندەران و کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان، بەتایبەت خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان، مەریوان و سنە کرابوو و کردەوەی دڕندانەی جینایەتکارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران شەرمەزار کرا.

لە کۆتایی پەیامەکەدا سەرەڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی نامرۆڤانەی ڕێژیم داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پارلمانی ئورووپا، وڵاتانی سەر بە یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها دەوڵەتی ئۆتریش کرابوو کە بێدەنگییان بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافی ڕەوای خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بشکێنن و هەوڵ بدەن لەگەڵ خەڵکی ئێران ببنە هاوڕا و یارمەتییان بدەن.

لەو خۆپیشاندانەدا، نووسراوەیەکیش بە زمانی ئاڵمانی و ئینگلیزی لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی نێوخۆی وڵات و کوشتاری خەڵکی بێتاوان بڵاو کرایەوە.