کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ٣٢ ساڵەی تێرۆری دوکتور "قاسملوو"دا ڕێوڕەسمێک لە ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو

12:59 - 28 پووشپەڕ 2721

ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕ بە بەشداریی کۆمەڵێک لە کوردستانیانی دانیشتووی "ڤانکۆڤەر" و دەورووبەری لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا ڕێوڕەسمێک لە یادی ٣٢ ساڵەی تێرۆری دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"دا بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.

پاشان "کەژاڵ حاجی میرزایی" وەک پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، پەخشانێکی پڕ ناوڕۆکی پێشکەش کرد.

دواتر "دیاکۆ خەیات"، بەرپرسی کۆمیتەی ڕۆژاوای کانادا، پەیامی کۆمیتەی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

ناوبراو لە پایەمەکەیدا ئاماژەی بە ئەرک و چاوەڕوانییەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە قۆناخی نوێ و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و جەختی لەسەر چڕوپڕترکردن و یەکڕیزیی زیاتری خەباتی گەلی کورد کرد و بە ئاماژە بە سەرچاوەگرتنی ڕاسان لە بیری شۆڕشگێڕانەی "قاسملوو" و شەڕەفکەندی، بەهێزترکردن و بەربڵاوترکردنی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی بە ئەرکێکی مێژوویی و گرینگیی هەموو تاکێکی کورد و بە تایبەت حیزبی دێموکرات زانی.

پاشان بە نوێنەرایەتیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا، بەڵێنیان دا کە تا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانی شەهید قاسملوو درێژەدەری ڕێبازە پڕسەروەرییەکەیان بن.

لە بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکە، "هێرش پاڵانی"، ئەندامی دەزگای ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات، وتارێکی بەپێزی لەسەر ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لە دیاریکردنی خەتە ئەخلاقی و فەلسەفییەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و هەوڵ و تیکۆشانی ئەو ڕێبەرە هەڵکەوتوویەی گەلی کورد لە بزاڤی کوردستانی چوارپارچەدا کرد و ڕوونی کردەوە کە دوکتور قاسملوو نەتەنیا خۆی بە سەرەتای مێژووی جوڵانەوەی کورد دانەدەنا بەڵکوو مێژووی کوردستانی بە شکست و سەرکەوتنەکانیەوە، وەک وانە دەزانی و خۆی گەورەمێژوونووسی کوردە.

پاشان، "سۆهراب کەریمی"، ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە ڕۆژاوای کانادا، لە دووتوێی وتارێکدا وێڕای باسکردن لە وێژمانی میللی دێموکراتیکی دوکتور قاسملوو، پڕژایە سەر رەهەندە جیاکەرەوەکانی شەهید قاسملوو لەگەڵ باقی ڕێبەڕانی کورد.

 ناوبراو دواتر لەسەر ئەزموونە کەسییەکانی خۆی لە فێربوون لە وانەکانی "قاسملوو" دوا و ئاماژەی بە گرێدانی بیری شۆڕشگێڕانە لەگەڵ پرسی نەتەوەیی کرد.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە وتارێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی دوکتور "قاسملوو" کە لەلایەن "کەژاڵ حاجی میرزایی"، نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە کانادا، پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پەیام و برووسکەیان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو کە بریتی بوون لە: "پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و ماڵی کورد لە ڤانکۆڤەر".