کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەباکووری کوردستان یادی کۆماری کوردستان کرایەوە

15:19 - 29 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە باکووری کوردستان، لە شاری ئامەد، بە دەسپێشخەریی پارتی سوسیالیستی کوردستان بەڕێوەچوو.

بۆ ڕێزگرتن لە یادی کۆماری کوردستان و بۆ یەکەم جار لە شاری ئامەدی کوردستانی باکور ڕێوڕەسمێک بەڕێوەچوو کە تێیدا کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی و ژمارەیەک لە حیزبەکانی ئەو پارچەیەی کوردستان بەشدار بوون.

لەم ڕێوڕەسمەدا کە بەڕێز مەسعود تەک، سکرتێری گشتیی پارتی سوسیالیست تێیدا بەشدار بوو، باس لە گرینگیی ئەو ڕووداوە مێژووییە و وانەکانی بۆ نەسڵی نوێ، خرایە بەرباس و لە ڕاگەیەندراوێکی تایبەتدا باس لەوە کرا کە پاش نەمانی کۆمار، ئەوە دوکتور قاسملو و دوکتور شەرەفکەندی بوون کە نەیانهێشت ئاڵای خەبات نەوی بکرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی تەلەفزیۆنی ڕووداویش‏دا، سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستان ڕایگەیاند؛ داخوازی پێشەوا قازی محەممەد لەمەڕ دامەزراندنی حکوومەتی کوردی، ئەمڕۆکە لە هەولێر جێبەجێ کراوە و ئێمەش داواکارین لە داهاتوودا ئەو داخوازە لە ئامەدیش بێتەدی.

کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ی زایینی لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بە دەستی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا و بوو بە بڕگەیەکی گرینگی مێژوویی بۆ گەلی کورد لە هەر ٤ پارچەی کوردستان کە هەڵگری کۆمەڵێک وانەی مەزنی نیشتمان پەروەرین.