کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەر مێنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووس ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو

13:48 - 29 خەرمانان 2720

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانان ڕێوڕەسمێکی لەسەر مێنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووس بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانان، بەبۆنەی یادی ٢٨ ساڵەی تێرۆری میکۆنووس کە لەودا شەهیدان دوکتور "سادق شەرەفکەندی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک "فەتاح عەبدولی" ئەندامی کۆمیتە ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، کاک "هومایون ئەردەڵان" نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و دوکتور "نووری دێهکوردی" چالاکی سیاسی و دۆستی حیزبی دێموکرات لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێستورانی میکۆنووس شەهید کران، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی تایبەت لەسەر مینۆمێنتی شەهیدانی میکۆنووس بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەت شەهیدانی میکۆنووس دەستی پێکرد.

دواتر "شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی هەرێمی ئورووپا بەو بۆنەوە قسەی بۆ بەشداربووان کرد.

 پاشان "حاجی جوندی" بە ناوی کۆمیتەی ئاڵمانەوە قسەی بۆ ئامادەبووان کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا "پەرویز دەستماڵچی" یەکێک لە قوربانییانی تێرۆری میکۆنووس و چالاکی سیاسی قسەی بۆ بەشداربووان کرد.

دەستماڵچی لە قسەکانیدا بە هێنانەوەی چەند بەڵگەی سەلمێنراو، باسی لە چۆنیەتیی تێرۆری میکۆنووس و بکەرانی سەرەکیی ئەو جینایتە سامناکە کرد.

 دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "فەرزانە ڕەزەوی" بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە ئاڵمان خوێندرایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان بەشدار بوون و بە ڕێزەوە یادیان لە شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی کردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات دەربڕی.

هەروەها "محەممەد سینۆ" بە نوێنەرایەتی لە پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریه و خاتوو "تەلار گوڵانی" بە نوێنەرایەتی لە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ئاڵمان پەیامیان خوێندەوە.

لە دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەند "ناسر فەتحی" شانۆیەکی بە ناوی "تۆڵە" بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.