کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەپاندنی بۆنە و ئایینی زۆرەملێ‌بەسەر خەڵكی مەریواندا هەتا كۆكردنەوەی دیشی ماهوارە

22:03 - 4 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەشاری مەریوان رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە زۆرەملێ‌دەیهەوێ‌بۆنە تایبەتەییەكانی مەزهەبی شیعە لەناو كوردەكاندا جێگیر بكات و هاوكاتیش كۆكردنەوەی ماهوارە لەناوچەكانی ئەو شارە بەردەوامە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرلەبەیانی رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٤ی پووشپەڕ هێزەكانی سەر بە پاسگای خاو، چوونەتە دوو ئاوایی سەر بە بەخشی خاومیراوای مەریوان و دەستیان بە كۆكردنەوەی ماهوارە كردووە.
هێزەكانی پاسگای خاو لەئاواییەكانی دەرەوەران و بناوچلە ژمارەیەكی بەرچاو لەدیشی ماهوارەی دانیشتوانی ئەو ئاواییەیان كۆكردۆتەوە و لەگەڵ خۆیان بردووە.
پێشتر و ماوەیەك لەمەوبەریش ئەو هێزانە بەمەبەستی كۆكردنەوەی ماهوارە چووبوونە ئاوایی دەرەوەران، بەڵام لەگەڵ پەرچەكرداری توندی خەڵكی بەرەوروو ببوونەوە.

لەلایەكی دیكەوە رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٣‌ی پووشپەڕ ئیدارەی ئیتلاعات و بونیادی شەهید مەراسمێكی رەوزە خوانیان بە بۆنەی یادی ئیمام مەهدی لەمەیدانی شەبڕەنگ بەڕێوە برد و داواییان لەخەڵكی كورد كردبوو بەشداریی ئەو رێوڕەسمە بن.
هاووڵاتیانی شاری مەریوان لەو باوەڕەدان، پێشتر لەو كارانە نەكرابوو و مەڕاسمەكان لە هۆڵەكانی خۆیان بەڕێوە دەچوو و رێژیم بەو كارەی دەیهەوێ‌بۆنەكانی تایبەت بە مەزهەبی شیعە بەسەر خەڵكی كوردا بسپەپێنێ‌.