کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوان خەڵكی ئاواییەكی نەوسوود و هێزە نیزامییەكانی رێژیم تێكهەڵچوون هاتە ئاراوە

22:57 - 9 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: هێزەكانی سەر بە هەنگی مەرزی نەوسوود بەمەبەستی زەوت كردنی كەلوپەلی كاسبكاران رژاونەتە نێو ئاوایی نەیسانە و بێ‌حورمەتێكی زۆریان بەخەڵكی ئەو ئاواییە كردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێكەوتی ٨‌ی پووشپەڕ هێزەكانی سەر بە هەنگی مەرزی لەئاوایی نەیسانە دەستیان بەسەر شتومەكی كاسبكاران و خەڵكی ئەو ئاواییەدا گرتووە.

لەئەنجامی ئەو هەوڵەی هێزەكانی رێژیم، خەڵكی بەرەنگاریان بوونەتەوە و تێكهەڵچوون هاتۆتە ئاراوە.

هێزەكانی رێژیم بەشێك لەكەلوپەلی كاسبكارانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دانیشتوانی ئاوایی نەیسانە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ئەو كەلوپەلانە لەبەر دەرگای هەنگی مەرزی لە مەیدانی موعەلیمی شاری نەوسوود كۆبوونەتەوە.

رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٥‌ی پووشپەڕیش ژمارەیەك لە كۆڵبەڕ و كاسبكارانی ناوچەی نەوسوود لە شوێنێك بەناوی پەروینی كەوتنە بۆسەی هێزەكانی هەنگی مەرزی شاری پاوەوە.

هێزە چەكدارەكانی رێژیمی ئێران ئەو كۆڵبەر و كاسبكارانەیان دابوویە بەر دەستڕێژی گوللە و دواتر دەستیان بەسەر سەرجەم كەلوپەلەكانیاندا گرتبوو.
هەر لەئەنجامی ئەو دەستڕێژییە نزیك بە ١٠ سەر ئەسبی بارهەڵگری كاسبكاران بە كوشت چووبوون.