کوردستان میدیا: کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٣٠ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، لە گۆڕستانی "پێرلاشێز" ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بەڕێوه برد.
ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمی تایبەت بە ٣٠ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، لە گۆرستانی پێرلاشێز لە پاریسی پێتەختی وڵاتی فەرانسە، بە بۆنەی سیهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێی کاک "عەبدوڵڵا قادری ئازەر"، نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و دوکتور "فازل ڕەسووڵ" دۆستی نزیکی حیزبی دێموکرات، بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر مێزی وتووێژ، ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
سەرەتا میوانان بە دانانی تاجیەگوڵینه لەسەر مەزاری دوکتور قاسملوو، سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ شەهیدانی ڤییەن دانا.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب بەڕێوە چوو، "خوسرەو عەبدوڵڵاهی" چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
پاشان دوکتور "فرێدریک تێسۆ" یەکێک لە پزیشکانی بێسنوور و دۆستی نزیکی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدان، کۆتایی پێهات.