کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی ئایینی لە شاری بانە دەستبەسەر کرا

12:14 - 12 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە؛ ناوبراو پاش دەستبەسەرکران ڕەوانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، "مامۆستا عەبدولباقی سەعیدی"، پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی "تەرخانئاوا"ی بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و دواتر ڕەوانەی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە کراوە.

ئەم مامۆستا ئایینیە لە نوێژی هەینیی ڕۆژی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاویدا، سەبارەت به کوژرانی کۆڵبەرانی کورد ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران گرتووە.

مامۆستا عەبدولباقی سەعیدی، پێشتریش به هۆی ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە پێشنوێژیی مزگەوتی تەرخانئاوا وەلا نرابوو.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو هەنووکه لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانەیە و  تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆخی ئەو مامۆستایە لە بەردەستدا نییە.