کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەکی ئایینی لە پیرانشار دەسبەسەر کرا

12:59 - 14 رەزبەر 2720

مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا ڕەسوڵ حەمزەپوور" خەڵکی گوندی "خراپە"ی شاری پیرانشار و پێشنوێژی هەینیی گوندی "ئەندێزێـ"ـی بەخشی "لاجانـ"ـی پیرانشاریان دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەو مامۆستا ئایینییە بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە سێڕێیانی "پەسوێـ"ـی پیرانشار دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو مامۆستا ئایینییە و ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

مامۆستا "ڕەسوڵ حەمزەپوور" یەکێک لە مامۆستایانی ناسراوی پیرانشارە و هەتا ئیستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.

هەتا هەنووکەش زانیارییەک سەبارەت بە تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو مامۆستا ئایینییە لەبەر دەستدا نییە.