کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایەكی دەسبەسەركراوی كورد لەگرتووخانەی زاهیدان مانی لەخواردن گرت

15:42 - 18 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: مامۆستایەكی دەسبەسەركراوی كورد لەگرتووخانەی ناوەندی زاهیدان بەنیشانەی بایەخ نەدان بەداواكارییەكانی ماوەی ٩ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە.

محەممەد ئەمین ئاگووشی تەمەن ٥٣ساڵ و زیندانیی سیاسیی كورد بە هۆی دژایەتیی دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێران لەگەڵ ئازادی مەرجداریی، ماوەی نۆ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی هرانا بڵاوی كردۆتەوە، محەممەد ئەمین لەرێكەوتی ٩ی پووشپەڕەوە دەستی داوەتە مانگرتن و رایگەیاندووە، هەتا ئەو كاتەی كە وڵامی پێویست وەرنەگرمەوە، دەست لەمانگرتنەكەم هەڵناگرم.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو، ئەو مامۆستا كوردە بە هۆی چوونە سەری تەمەنی و مانگرتن لە خواردن، معدەی تووشی خوێنرێژی بووە.

ئەو مامۆستایە ماوەیەك پێشتریش لەنامەیەكدا داوای لەرێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندەكانی مافی مرۆڤ كردبوو كە بە هانایەوە بچن.
محەممەد ئەمین ئاگووشی مامۆستای دەسبەسەركراو لە گرتووخانەی شاری زاهیدان، بارودۆخی جەستەیی زۆر خراپە و هەتا ئێستا بۆ چەندین جار داوای مەرەخسیی كردووە و لەلایەن دەزگا قەزایی و ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دژایەتیی لەگەڵ كراوە.

محەممەد ئەمین ئاگووشی مامۆستای خانەنشین كراو و خەڵكی شار پیرانشارە و بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێ‌وە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی شاری زاهیدانی بەسەردا سەپاوە.