کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری بۆ کۆچی دوایی "کەریم ئەحمەد" پەیامێکی هاوخەمیی بڵاو کردەوە

17:35 - 23 پووشپەڕ 2722

مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکی هاوخەمیدا سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک ''کەریم ئەحمەد'' سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان، لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتەوە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی بەڕێزیان، ڕێبەرایەتی و جەماوەری حیزبی شیوعیی کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی کوردستان!

وێڕای ڕێز و سڵاو

هەواڵی کۆچی دوایی کاک ''کەریم ئەحمەد''، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان جێگای پەژارەمانە.

کاک ''کەریم ئەحمەد'' تەمەنێکی لە خەبات دژی ڕێژیمی بەعسی عێراق تێپەڕ کرد و لەو پێناوەدا و لەپێناو بیر و باوەڕی سیاسیی خۆیدا زیندان و ئەشکەنجە و دەربەدەریی زۆری تووش بوو.

هەروەها کاک کەریم دۆستێکی بەوەفا و تا سەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و هەمیشە لەگەڵ ڕێبەرایەتیی حیزبی ئێمە لە پێوەندییەکی دۆستانەدا بوو.

بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک کەریم ئەحمەد لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، سەرەخۆشیی خۆمان پێشکەش بە ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزیان، ڕێبەرایەتی و جەماوەری حیزبی شیوعیی کوردستان دەکەین و خۆمان بە بەشداری خەمی لەدەستدانی کاک کەریم دەزانین.

لەگەڵ ڕێزی دووبارە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

١٤ ژوئیەی ٢٠٢٢ی زائینی