کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: "حوکمی دادگای سوید دژی حەمید نووری بڕیارێکی مێژووییە"

17:44 - 24 پووشپەڕ 2722

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا وێڕای پێشوازی لە بڕیاری دادگای سوید دژی دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران "حەمید نووری" داوای دادگاییکردنی باقی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە ئێرانێکی ئازاددا کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیه:

حەمید نووری پاسدار وهاوکاری جیناتکاری زیندانی گەوهەردەشت کە لە پرۆسەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی ساڵی ٦٧دا لەو زیندانەدا دەستی هەبووە لە موحاکمەیەکی بێ لایەنە و لە دادگایەکی دادپەروەردانەدا لە سوید زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕایەوە.

هەر چەندە نیگەرانیی ئەوە هەیە لە داهاتوودا ناوبراو لەگەڵ یەک یا چەند زیندانی سویدی کە لە زیندانەکانی ئێراندا بە بارمتە گیراون یا دەگیرێن گۆڕینەوەی پێ بکرێت بەڵام دەرکردنی ئەو حوکمە بەڵگەیەکی بەهێزی دیکە بوو لەسەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران و لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەی قوربانییان و هەموو ئازایخوازانی ئێران.

بە هیوای ئەوەیکە باقی جینایەتکارانی دیکەی ئەو ڕێژیمە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دادگایەکی دادپەروەرانە لە ئێراندا دوای کۆماری ئیسلامی بە سزای کردەوەکانی خۆیان بگەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی