کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: درێژە بە خۆپیشاندانەکان بدەن

11:01 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵک کرد کە بە هەموو چین و توێژەکانەوە درێژه بە خۆپیشاندانەکان بدەن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی "مستەفا هێجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەنیسبەت  خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات؛

هاونیشتمانانی تێکۆشەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

دەنگی بەرزی بێزاریتان لە ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی کە هاوارێکی حەقخوازانەیە، تێکەڵ بە دەنگی خەڵکی تووڕەی ئێران، بوو بە سەردێڕی هەواڵەکانی هەموو دنیا.

هەر چەند گوێچکەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، لە ئاست داخوازەکانی ئێوە کەڕ بووە و لە قسەکانیاندا دەردەکەوێت کە هەتا ئێستاش دەنگی ئێوەیان نەبیستووە، بەو حاڵەشەوە بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، ژن و پیاو، بە هەموو چین و توێژێکەوە شان بە شانی یەکتر لە مانگرتن و ڕێپێوانەکانتان بەردەوام بن و داخوازییەکانی خۆتان هاوار بکەن.

تکایە لەو بەرخۆدانەدا، لە توندوتیژی خۆبپارێزن و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە درێژە بە خەباتەکەتان بدەن، بۆ ئەوەی ڕێژیم بەهانەی بۆ سەرکوت و زەبروزەنگی زیاتر دەست نەکەوێت.

هەموو خەڵکی دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لەگەڵ دەنگتانە و دڵمان لە لاتانە.

سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم بەرخۆدانەی شار دەکەم و ساڕێژبوونەوەی برینی بریندارەکان بە ئاوات دەخوازم.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی