کوردستان میدیا: "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێكی ڕوو به خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانیانی بەڕێز،
خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،
سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرانبەر (٨ی سێپتامبری٢٠١٨) کۆماری ئیسلامی ئێران کەمپی تێکۆشەرانی دێموکراتی لە تەنیشت شاری کۆیە لە باشووری کوردستان کردە ئامانجی مووشەکەکانی و لە ئاکامدا بەداخەوە دەیان کەس لە تێکۆشەرانی رێگای رزگاری وڵاتەکەمان شەهید و بریندار بوون.
هەرلە بەیانی ئەو رۆژەدا ٣ چالاکڤانی کورد، رامین حسینپەناهی، زانیار و لوقمان مورادی کە ساڵانێک زیندانی کرابوون و خەڵک چاوەڕوانی ئازادکردنیان بوون، خەبەری ئیعدام کردنیان لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ڕاگەیەنرا. لەو رۆژەوە کە کورد وەک نەتەوەیەک هەستی بە مافخوراوی خۆی کردووە و بۆ ئەستاندنەوەی مافەکەی دەستی بە خەبات کردووە، ئەوە حاڵ و وەزعی بووە. مێژووی پڕ لە خۆێن و قوربانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانیش بەشێکی درەوشاوەیە لەو خەباتە سەراسەرییەی کورد لە دژی داگیرکاری، تەحقیر و تواندنەوە.
بەڵام رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تەکمیل کردنی زۆرداری و ئیستبدادی خۆی بەسەر گەلی کوردی ئازادیخوازدا، بە تەفسیری خۆی لە ئیسلامیش کەڵکی وەرگرتووە، تا شەرعییەت ببەخشێ بە هەموو کردەوە دڕندانەکانی خۆی لە دژی نەتەوەکەمان.
خوێندن بە زمانی دایکیمان یاساغە، کولتوور و مێژوومان چەواشە دەکەن، ژینگەمان دەشیوەێنن و تەنانەت ژینگەپارێزانی وڵاتەکەمان سەربەست نین لە پاراستنی ژینگەی خۆیان، پارێزگاکانی کوردستان بەرزترین ئاستی بێکارییان هەیە، ئەوانەی لە تاوی برسێتی ژن و منداڵیان پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن تا بەو کارە تاقەت پرووکێنە نانێکیان بۆ دابین بکەن، دەیانکوژن، تا ڕادەیەک خەبەری کوژرانی رۆژانەی کۆڵبەران لە سنوورەکان بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە و خەریکە وای لێ دێ بۆ خەڵک عادی دەبی و... .
لە بەرانبەر ئەو هەموو مافخوراوییەدا، کە داوای کار دەکەن، دەڵێن ئەوە بیری گشتی کۆمەڵگا دەشێوێنن، کە دەڵێن با منداڵەکانمان بە زمانی کوردی بخوێنن، دەڵێن ئەوانە وڵات دابەش دەکەن، کە دەڵێن لێمانگەڕێن با نوێنەرانی راستەقینەی خۆمان کۆمەڵگاکەمان بەڕێوەبەرن، دەڵین ئەوانە دژی شۆڕشن و، ئەو جار بەو تاوانە گەورانە دەیانخەنە زیندان، شاربەدەریان دەکەن، ئەشکەنجەیان دەکەن، بێ ئابڕوو و ئیعدامیان دەکەن، شوێنی نیشتەجێی ئەو بنەماڵانە لە وڵاتیکی دیکە دەدەنە بەر مووشەک و بۆمب کە لە دەستی ئەو زوڵم و زۆرە بێ سنوورە، نێشتمانی خۆیان بە جێهێشتووە. بەم شێوەیە دەبینین کە لە کوردستانی ئێران دەرەتانی ژیانێک بۆ کورد نەماوەتەوە، ئەوەی ئیستا بە ناوی ژیان تێپەڕی دەکا، رەزاڵەت و نەهامەتییە. کەوابوو دەبێ بۆ ژیانێکی ئینسانی خەبات بکەین و لە هیچ خەباتێکی رەوا سڵ نەکەینەوە، بێجگە لەو ڕێگایە، ڕێژیم هێچ رێگایەکی دیکەی بۆ نەهێشتووینەتەوە.
ئەو رێگایەش پڕ زەحمەت دەنوێنێ و تێچووی هەیە، بەڵام ئەگەر هەموو پێکەوە و هەرکەس لە قەدەر خۆی دەستبداتێ، ڕێگاکە کەم زەحمەتتر و تێچووی کەمتر دەبێ. ئێمە وەکوو کورد لە رۆژهەڵات، دەبێ بە خەباتمان ببینە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە ڕێژیمەکانی تاران نەتوانن و نەوێرن بێباکانە ژیان و سەروەریمان لێ زەوت بکەن، بە حیسابمان نەهێنن و وردە وردە بمانتوێننەوە.
ئەوەش هەر ئەو پەیامە ئینسانییەیە کە ڕاسانی رۆژهەڵات هەڵیگرتووە و، ئێوەش ئەو پەیامە رزگاریدەرەتان بەدڵ وەرگرتووە و خەریکن بەڕێوەی دەبەن، ڕێژیمیش لە کاریگەری ئەو خەباتە زراوی چووە و، لەترسان پەل داوێ بۆ هەموو شێوە سەرکوتێکی کورد، و تەنانەت بە بەرچاوی دنیاوە مووشەکبارانی کەمپی ژن و منداڵە ئاوارەکانمان لە وڵاتێکی دیکە دەکا، بەو هیوایەی دەنگی کورد و رۆڵە قارەمانەکانمان کپ بکا، و بێدەنگیەکی گورستانی بەسەر وڵاتەکەماندا زاڵ بکا.
رەنگە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی رێژیم شاییان لە دڵدا بگەڕێ کە بە خیالی خۆیان بەو مووشەکبارانە خەباتی کوردیان بە چۆکدا هێناوە و پشتی خەباتکارانی کوردیان لەرزاندووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێ کە دەسەڵاتدارانی پێش لەوانیش نزیک لە سەد ساڵی ڕابردوودا، بە سەدان جار کوردیان قەلاچۆ کردوە، کوردستانیان وێران کردوە، بە هەزاران لاوی تێکۆشەریان ئیعدام کردوە و لە زیندانەکانیاندا رزاندوویانن، داهاتی وڵاتەکەیان بە تاڵان بردوون، بەو حاڵەش نەک هەر نەیانتوانیوە بێدەنگی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکەن، بەڵکوو راست بە پێچەوانە رۆژبەرۆژ زیاتر خەباتی کورد پەرەی گرتووە و بە دەنگێکی بەرزتر هاواری مافخوازی خۆی کردوە، بۆیە ئێستا کوردستان زیاتر لە هەموو کات بە دەنگی بەرزەوە هاوار دەکا و، تا سەرکوت بەهێزتر بێ دەنگی کوردیش بەرزتر دەبێتەوە.
رووی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی خۆهەڵکێشانەکانی ڕێژیم و لایەنی پرۆپاگاندەیەکەی کە هەوڵ دەدا وەک هەموو شکستەکانی، ئەوەش بە سەرکەوتن بە خەڵک و دنیا نیشان بدا، لە گەمەی مووشەکبارانی کەمپی تێکۆشەرانی رۆژهەلات و، ئیعدامی لاوانی کورد لە زیندانەکان و، ئەو پرۆپاگاندە بەربڵاوەی کە بۆ ئەو کردەوە جینایەتکارانەیە دەیکا، دۆڕاوی سەرەکییە، چوونکە هەمووی ئەو هەوڵانە ئاماژە بەو راستییە دەکەن کە کورد بەهێزە و لەم کاتەدا کە ڕێژیم لە گەمارۆی قەیرانگەلێکی زۆردا گیری خواردووە کە بۆ خۆی خولقێنەری بوون، نەک هەر هیچ رێگاچارەیەکی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانانە بە دەستەوە نیە، بەڵکوو رۆژبەرۆژ قەیرانەکان زیاتر و رووخێنەرتر دەبن، هەر بۆیە خەبات و بەرهەلستکاری کورد بۆ رێژیم جێگای نیگەرانییە، چوونکە لە ماوەی چڵ ساڵی رابردوودا زۆر جاری دیکە هەر وەک ئەوجارە بە بۆمباران، زیندانی و ئیعدام کردن نەیتوانیوە بێدەنگیان بکا. بە تایبەت نیشاندانی هێز و ورەی خەڵکی قارەمان و دڵسۆزی رۆژهەڵات لە بەدەنگەوەهاتنی داوای حیزبە سیاسییە خەباتکارەکان، رێکخراو و چالاکە مەدەنیەکانیان کە بەشێوەی مانگرتنی سەراسەری لە رۆژهەلاتی کوردستان حەماسەیەکی کەموێنەیان خولقاند و بە دەربڕینی بێزاری لە رێژیمی سێدارە ، هاوسۆزییان لەگەڵ شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لە شارو و شارۆچکەکانی رۆژهەلات دەربری.
هەروەها ئەو پشتگیری، هاوپێوەندی و هاوخەباتییەی کە کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان لە باشوور، ولاتانی ئەورووپایی، ئەمریکا و شوێنەکانی دیکە لەدەربرینی نارزایەتی و مەحکوومکردنی ئێعدامی لاوانی رۆژهەلات و کردەوە جینایەتکارییەکانی ١٧ی خەرمانان، ئەو هێز و دەنگە وەک وڵامێکی روون و سەربەرزانەیە بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە کورد بێدەنگ نابێ و لە خەبات راناوەستێ. لێرەدایە کە خەباتی شاخ و شار لێک گرێ دەدرێ.
ئافەرین و دەسخۆش گەلی سەربەرزی کوردستانی ئێران، دەنگتان بەرزتر و ورەتان پۆلایین بێ.
ئێمەش وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە وەک دەیان ساڵی رابردوو هەر ئەو دەنگە بەرزەی ئێوە دەبین کە کۆشتن، ئیعدام و بۆمبارانەکانی تاران بەهێزتریان کردووین. بێگومان سەرچاوەی ئەو هێزەش هەر ئێوەن، هەموومان پێکەوە زۆر بەهێزین، هێزێک کە پشتی دوژمن دەلەرزێنێ و بەچۆکیدا دێنێ.
ئێمە لێبڕاوین دەست لە دەستی هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکان، لاوانی مافخواز و هەموو چین و توێژەکانی کوردستانی خۆشەویستمان، کە باوەڕیان بە رزگاری وڵات و نەتەوەکەیان هەیە و، لەپێناو ئەو رزگارییەدا هەنگاو دەنێن، قۆناخێکی نوێی لە خەبات دژی رێژیمی تاران بگرینە بەر و تا بە چنگهێنانی مافە زەوتکراوەکانمان نەوەستین. بێگومان سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و رێژیمیش بەرەو نەمانە.
لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەمالە ئازیزەکانیان و گەلی کورد بەگشتی دەکەم.
هەروەها لەو دەرفەتە کەڵک وەردەگرم کە سوپاس و پێزانینی خۆم پێشکەش بە تێکرای حیزب و رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی ولات بکەم کە بە هەموو شێوەیەک هاوخەمی و پشتیوانیان لەگەڵ کردووین و لەگەڵمان بوون.