کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات پەیامێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە

12:31 - 25 بانەمەڕ 2720

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی ڕوو لە ئەندامان، لایەنگران، دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامێک لە مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە

بۆ ئەندامان، لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان

وەک ئاگادارن، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، کۆمەڵێک زانیاری و لێکدانەوە لە سەر پرسێکی ناوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاو بووەتەوە. بۆ بەرچاوڕوونیی سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکڕات لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، لێرەدا جەخت لە سەر چەند خاڵێک دەکەینەوە.

یەکەم: سەرجەم ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات دڵنیا دەکەینەوە کە لە ڕێڕەوی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سۆنگەی هەست بە بەرپرسیاریەتیی هاوبەشەوە، پێداگری لە سەر تەبایی  و یەکڕیزیی ڕیزەکانی حیزب دەکەینەوە.

دووهەم: لەمێژ ساڵە وەک پڕەنسیپێکی دێموکراتیک و ڕێکخراوەیی، ڕا و بۆچوونی جیاواز وێڕای پابەندبوون بە بنەماکانی کاری ڕێکخراوەیی، سەرمایەیەکی گەورەی حیزبەکەمانە، بۆیە ئێمە ڕێز لە دەنگی جیاواز لە حیزبەکەماندا دەگرین و هەموو ئەو کەسانەی بەلەبەرچاوگرتنی پرنسیپە دێموکراتیکەکان، بۆچوونی خۆیان لە ڕێگای ڕێکخراوەییەوە دەخەنە بەر باس، دڵسۆزی حیزب و خەباتەکەمانن و بە بایەخەوە سەرنج دەدەینە ڕای جیاوازییان.

سێهەم: داوا لە سەرجەم ڕێکخستنەکانی حیزب دەکەین کە بە وشیارییەوە بڕواننە ئەو نووسراو و پڕۆپاگاندانەی کە لە دژی یەکڕیزیی  تەشکیلاتیی حیزب بڵاو دەبنەوە و نیگەرانییان بۆ ئەندامان، لایەنگران و هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر پێکهێناوە.

چوارەم: لە حیزبی دێموکراتدا کاناڵی تەشکیلاتی و میکانیزمی دیاریکراو بۆ پرسیار و ڕەخنە و تێبینی و پێشنیار هەیە. بۆیە وەک بنەمایەکی کاری ڕێکخراوەیی پابەند بوون بەم خاڵە، ئەندامانی حیزبی ئەرکدار دەکات کە پابەندی چوارچێوەی کاری تەشکیلاتی و دیسیپلینی حیزبی بن و  لە سۆسیال میدیادا، خۆیان لە باس و خواستی ناسالم کە زیان بە یەکڕیزی تەشکیلاتیی  حیزب دەگەیەنێت، بە دوور بگرن.

لە کۆتاییدا سەرجەم ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزب دڵنیا دەکەینەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکی سەرشانمان، لە ڕاستەڕێی یەکڕیزیمان لەسەر بنەمای پاراستنی یاسا پەسندکراوەکانی حیزب و، پتەوکردنی ڕیزەکانی خەبات لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاو دەنێین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

٢٥ی بانەمەڕی ١٣٩٩