کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مستەفا هیجری" پەیامی پیرۆزبایی بۆ سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا نارد

21:54 - 20 خەزەڵوەر 2720

"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە "جۆ بایدن" بەبۆنەی هەڵبژاردنی ناوبراو وەک سەرکۆماری ئامریکا کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕێزدار جۆزیف بایدن

سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا

لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی سەرکەوتنتان لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وەک ٤٦ـه‌مین سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.

ساڵانێکی زۆرە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد لەو وڵاتەدا لەلایەن حکوومەتە ناوەندییەکان، بە تایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیەوە مافەکانیان پێشێل دەکرێ و داخوازییە دێموکراتیکەکانیان بە زەبری زیندان و کوشتن سەرکوت دەکرێ.

هیوادارین وەک زۆرجار پێداگریتان کردووە، لە ماوەی سەرۆکایەتیتاندا یارمەتیدەر بن بۆ بونیادنانی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و دادپەروەری و هەروەها بنبڕکردنی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و تێرۆریزم لە  باقی وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری

٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی
١٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٠ی زایینی