"مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ شەهیدبوونی کاک "عوسمان مستەفاپوور" پەیامێکی بڵاو کردەوە لەو پەیامەدا هاتووە نەتەوەیەک کە ڕۆڵەی ئاوای پەروەردە کردبێ، سەرکەوتنی مسۆگەرە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی سەرەخۆشیی بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک عوسمان مستەفاپوور
کاک عوسمان مستەفا پوور، قارەمانی زیندانە دۆزەخییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە ۱٦ی خەرمانان، دڵی پڕ لە تاسە و ئاواتی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لێ کردین و ڕیزی خەبات و تێکۆشانی بۆ هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەجێهێشت.
شەهید عوسمان مستەفاپوور، بە درێژایی دەیان ساڵ تێکۆشان و لە ماوەی ۲٨ ساڵ مانەوەی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و خۆڕاگریی لە بەرانبەر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و ڕووحی، بە مانەوەی لەسەر بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەی حیزبەکەی، بەچۆکدا نەهات و سەری بۆ دەسەڵاتی خوێنمژ و ستەمکار نەوی نەکرد.
هیوای ڕزگاریی لە زیندان و گەڕانەوەی بۆ ڕیزی هاوسەنگەرانی دێموکرات، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ورەی پێ دەبەخشی، هەر بۆیە ماوەیەکی کورت لە دوای ئازادبوونی، ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، خۆی گەیاندەوە سەنگەری ئاوەدانی خەبات و چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کردەوە و بەم شێوەیە ئاواتی ڕۆژان و ساڵانی زیندانی وەدیهات. بەڵام بەداخێکی گرانەوە، نەخۆشیی کۆرۆنا دەرفەتی پێ نەدا ماوەیەکی زۆرتر لە خزمەت گەل و حیزبەکەیدا بێ.
کاک عوسمان مستەفاپوور بە ژیانە پڕ بەرهەمەکەی، بە باوەڕ و ئیرادەی بەرزی و بە وەفا و خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەی، قوتابخانەیەکی جێگای لێ فێربوون بوو و سەلماندی کە نەتەوەیەک کە ڕۆڵەی ئاوای پەروەردە کردبێ، سەرکەوتنی مسۆگەرە.
ئێمە، هاوسەنگەرانی شەهید عوسمان مستەفا پوور و هاوبیرانی، بۆ لەدەستدانی بەپەرۆشین و بەو بۆنەیەوە، سەرەخۆشیی خۆمان بە هاوسەنگەران و بەتایبەت بە بنەماڵەی سەربەرزی ڕادەگەێنین و پەیمانی وەفا بە ڕێبازەکەی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە دەکەینەوە.
یادی هەتایی و ڕێگای خەباتی بەردەوام
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
١٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی