کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکی وێڵ

19:15 - 30 رێبەندان 2720

کەریم پەرویزی

لە ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستیدا کە دڵدارەکان گوڵیان پێشکەشی یەک دەکرد، هێزە تێرۆریستییەکانی سەر بە سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی، کاتیووشابارانی هەولێر و فڕۆکەخانەی ئەو شارە و چەند گەڕەکێکی هەولێریان کرد.

ڕاکێتە تەقێندراوەکانی هێزەکانی سەر بە سوپای قودس، کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چەند کەسی لێکەوتەوە و هەندێک زەرەی ماددیشی بە فڕۆکەخانە و چەند شوێنی هەولێر گەیاند، بەڵام لە زەرەرە گیانی و ماددیەکانی زیاتر، ئەو نیگەرانییەیە کە لەو شەوەدا لە نێو خەڵکی دروست کرد و ئەمنیەت و ئاسایشی پێتەختی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج.

ڕەنگە بەپێی ئەدەبیاتی بەیاننامەی ئەو گرووپەی وا تەقاندنی مووشەکەکانیان وەئەستۆ گرت، ئامانجیان هۆشداریدان بە ئامریکا و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بووبێ و گوایە ئامریکا و ‌حکوومەتی هەرێمیان کردۆتە ئامانج و دەیانهەوێ تەسلیمی ویستی تێرۆریستانیان بکەن، بەڵام ئەو جۆرە کردەوانەی گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی قەت لایەنی بەرامبەری نەک نەترساندووە، بەڵکوو بۆتە هۆکارێک کە دژکردەوەی ڕێکخراوتر و توندتر بەدوایدا بێ و پەلوپۆی ڕێژیمی پێ داپاچراوە.

ئەو ڕاکێتانەی کە تێرۆریستان بە ماشینێکی دەسکاریکراو، لە خوارەوەی هەولێر بەرەو پێتەختی هەرێمیان تەقاند، ڕەنگە لەباری ئامانجی نیزامییەوە شوێنەکەیان بە پێی موحاسیباتی ورد بۆی دیاری کرابێ و هەوڵیان دابێ زۆر دەقیق بیپێکن، بەڵام لە سیاسەتەکەیاندا زۆر وردی بۆ نەچوون و لە هەڵەشەییەوە کارێکیان کرد کە ڕەنگە سەری فەرماندەرەکانیان بە بادا بدات.

کردەوەی تێرۆریستی ڕۆژی ١٤ی فێڤرییە، هاوشێوەی تەقینەوە تێرۆریستییەکەی ١ی فێڤریەی چەندین ساڵ پێش لە هەولێر، هەرچەند بەداخەوە گیانی هەندێک کەس دەکاتە قوربانی، بەڵام قەت بە ئامانجەکەی نەگەیشتووە کە ویستوویە لایەنی قوربانی بترسێنێ و تەسلیمی ویستی تیرۆریستانی بکا.

لە کاتی ئێستادا کۆماری ئیسلامی ئەو ڕاکێتانەی بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئیدارەی بایدێن و چاوترسێنکردنی حکومەتی هەرێم تەقاند، بەڵام وەکوو زۆربەی موحاسیبەکانی دیکەی ڕێژیم ئەم کردەوانە زۆرتر جیهان دێنیتە سەر ئەو قەناعەتە کە نابێ ڕێگە بە تێرۆریزمی ئیسلامیی تاران و گرەوگانگیریی ئەم ڕێژیمە بدەن.

هەروەک هەوڵی تێرۆریستیی ئەسەدوڵا ئەسەدییەکەیان لە ئاڵمان و بێلژیک، بەتەواوی بە زیانی ڕێژیم شکایەوە، کردەوەی تێرۆریستیی شەوی ١٤ی فێڤرییە لە هەولێریش نەک دەسکەوتی بۆ کۆماری ئیسلامی نابێ بەڵکوو هەم ئامریکا پێداگرتر دەکا لە پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و هەم ڕوونتر بە هەموو لایەک دەسەلمێنێ کە دوژمنی سەرەکیی هەموو گەلانی ناوچە و بەتایبەت دوژمنی ڕاستەقینەی کورد و کوردستان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەم ڕێژیمە سەرچاوەی ئاژاوە و تێرۆریزمە لە جیهان و ناوچەکە و بۆ گەیشتن بە ئاشتی، دەبێ کۆتایی بە سەرچاوەی ئەم ڕاکێتە وێڵانە بێن کە هەر ڕۆژ لە گۆشەیەکەوە بەرەو گۆشەیەکی دیکەی ناوچەکە دەتەقێندرێن. کوردستان دەمێنێ و کۆماری ئیسلامی دەچێتە نێو زبڵدانی مێژووەوە.