كه‌ریم په‌رویزی
وه‌لیی فه‌قیه ده‌یهه‌وێ به‌غدا ئاڵۆز بێ تاكوو به‌رده‌وام گوێی له ئاخونده‌كانی قوم و جه‌ماران بێ. له كه‌شێكی ساردوسڕ و پڕ له بێهیواییدا، ڕۆژی ١٠ی ئۆكتۆبری ٢٠٢١، واته ١٨ی ڕه‌زبه‌ری ١٤٠٠، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی پارلمانی عێراق به‌ڕێوه چوو. كه‌شی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش بۆیه ساردوسڕی و بێهیوایی پێوه دیار بوو، چوونكه دوای چه‌ندین ده‌ور هه‌ڵبژاردن له عێراق و چه‌ند قۆناخی جیاوازی شه‌ڕی نێوخویی و ڕووداوه گه‌وره‌كان، خه‌ڵك به خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین خوازیاری ئاڵوگۆڕ بوون و هیوایه‌كیان به پارلمان و هه‌ڵبژاردن نه‌مابوو. به‌تایبه‌ت هه‌موو خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه ئه‌مجاره‌ش وه‌كوو جاره‌كانی دیكه ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی گرووپ و بانده‌كانی نزیك له‌خۆیه‌وه به گزه و ده‌سكاریكردن ئاكامی هه‌ڵبژاردنی پارلمانی عێراق به قازانجی خۆی لێ بكا و گرووپه‌كانی سه‌ر به سوپای پاسداران و ئاخونده‌كانی قوم ده‌سه‌ڵاتداری به‌غدا بن.
هه‌رچه‌ند به‌ره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكانی عێراق هه‌ڵبژاردنیان بایكۆت كرد و نزیك به شه‌ست له‌سه‌دی خه‌ڵك نه‌چوونه سه‌ر سندووق، به‌ڵام چوونكه هه‌ڵبژاردنه‌كه ڕێگه‌ی گزه و ده‌سكاریكردنیان لێ گرتبوو و چاوه‌دێری نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو و ئیداره‌ی به‌غدا و به‌تایبه‌ت كازمی ده‌یانویست هه‌ڵبژاردنه‌كه ببێته جێی متمانه‌ی خه‌ڵك، ئاكامی هه‌ڵبژاردن بوو به ده‌رخستنی تاڕادهیەكی نه‌خشه‌ی واقیعیی هێز به شێوه‌ی گشتی له عێراقدا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردن نه‌كرد، به‌ره‌یه‌كی زۆرتر بوون.
جگه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئیسراییل، ئه‌مه له ده‌گمه‌ن جارهكانه له مێژووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا كه هه‌ڵبژاردن له ئاستی وڵاتێكی پڕكێشه‌ی وه‌كوو عێراقدا به‌ڕێوه بچێ و هه‌ڵبژاردنێكی به‌ته‌واوی ئازاد و هه‌روه‌ها دادپه‌روه‌رانه و بێ گزی و دهسكارییهكی چاره‌نووسساز بێ!
هه‌ر بۆیه ده‌بینین كه كۆماری ئهسلامیی ئێران له‌م هه‌ڵبژاردنه تووڕه‌یه و دهستوپێوهندهكانی دۆڕاندوویانه چوونكه ده‌ره‌تانی گزهیان نه‌بوو!
دۆڕاندنی كۆماری ئیسلامی و ده‌ستوپێوه‌ندییه‌كانی له هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه هه‌قیقه‌تێكی بنه‌ماییه كه هه‌رده‌م ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه؛ هه‌ربۆیه كۆماری ئیسلامی له سندووقی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه بێزاره و حه‌زی زۆری له سندووقی پڕ له گزه و شانۆكارانهیه.
گرووپه‌كانی سه‌ر به ڕێژیم له‌م ڕووداوه مێژووییه‌ی عێراقدا سندووقەكانی ئازادی و دادپه‌روه‌رییان دۆڕاندووه و ههڕهشەی به‌كاربردنی چه‌ك ده‌كه‌ن بۆ گۆڕینی ئاكامی هه‌ڵبژاردن! ئه‌مه دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووداو و كرده‌وه‌كانه بۆ خانه‌ی پیلانه‌كانی كۆماری ئیسلامی. به‌ره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له عێراقدا متمانه‌یان به هه‌ڵبژاردن نه‌مابوو و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌توانێ متمانه لای خه‌ڵك دروست بكات، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی نایهه‌وێ سندووقی ده‌نگدان پێوه‌ر و پێوانه بێ.
كۆماری ئیسلامی و هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی كه بڕوایان به ئازادی و دادپه‌روه‌ری نییه، له ڕێگه‌ی سندووقی ده‌نگدانه‌وه كه یه‌كێك له پێوه‌ره‌كانی دێموكراتبوونه نادوێن، به‌ڵكوو ده‌یانهه‌وێ هه‌موو كات دۆخه‌كه ئاڵۆز و ئاورته بێ تاكوو سندووقی ده‌نگی ئازادی خه‌ڵك بێ ئێعتبار بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه و گرووپی فشار و میلیشیا دیاریكه‌ری ئاكامی كێشه‌كان بێ.
دووڕێیانییەكی قورس له‌به‌رده‌م به‌غدایه، یان سندووقی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك ده‌كاته پێوه‌ر و كێشه‌كان ده‌باته‌وه نێو پارلمانێكی نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك بۆ چاره‌سه‌ری، یان میلیشا و گوشاری لاوه‌كی براوه ده‌بێ و له‌و حاڵه‌ته‌دا به‌غدا داهاتوویه‌كی هه‌میشه ئاڵۆز و له دۆخی ئاورته‌دا ده‌بێ.