کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میتینگێک لەژێر ناوی "نا بۆ پاڵپشتی لە ڕێژیمی ئێران" لە وڵاتی ئۆتریشدا بەڕێوەچوو

13:28 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە مێتینگێکدا، کە لە لایەن ڕێکخراوی " STOP THE BOMB"، دژ بە بەڕێوەبردنی ڕۆژی قودس لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ڕێکخرابوو، بەشدارییان کرد.

ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە میتینگێکدا کە لە لایەن چەند ڕێکخراوێکی ئۆتریشییەوە ڕێکخرابوو، بەشدارییان کرد.

لەم میتینگەدا، چەندین وتار پێشکەش کران و لە هەموو وتارەکاندا پاش شەرمەزارکردنی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا و هەڕەشەی سڕینەوەی وڵاتی ئیسرائیل لەسەر نەخشە، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوان لە کاتی دەسەڵاتدارێتیی "حەسەن ڕووحانی" و بەردەوامیی چەوساندنەوەی تێکۆشەرانی سیاسی و کەمینە ئایینیەکان و شەرمەزارکردنی سیاسەتی پاڵپشتیکردنی وڵاتانی ئورووپایی بەگشتی و وڵاتی ئۆتریش بەتایبەتی لە ڕێژیمی ئیسلامی و ڕسوایی ئەم وڵاتانە سەبارەت بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران، کرابوو.

شایانی باسە، بە دەیان ڕێکخراو و کەسایەتیی ناودار، لەژێر ناوی "یەکیەتی بۆ ئێرانێکی دێموکرات و بە بێ بۆمبی ئەتۆم"، پاڵپشتیی خۆیان بە وتار و بە برووسکە لەم ئاکسیۆنە دەربڕیبوو کە حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران یەکێک لەو ڕێکخراوانە بوو کە لە وتاری ڕێکخراوەکانیشدا چەند جارێک باسی لێوە کرا.

بەگشتی بەشداربووانی میتینگەکە خوازیاری ئەم خاڵانە بوون:

- قەدەغەکردنی خۆپیشاندانەکانی "ئەلقودسی" دژ بە یەهوودی

- پشتیوانی لە ئیسرائیل و دژایەتی لەگەڵ دژبەرانی یەهوودی

 - پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی دێموکرات و سێکوولار لە ئێران و لە دەرەوە

 - پچڕانی چاوپێکەوتنە دەوڵەتییەکان بۆ ئینکارکەرانی هۆلۆکاست

 - پچڕانی بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران

- قەدەغەکردنی حیزبوڵڵا بە یەکجاری لە ئۆتریش و لە یەکیەتیی ئورووپا