کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی ڕادەستکردنەوەی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بۆ وڵاتی ئێران

18:26 - 3 پووشپەڕ 2720

ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئید بە ناوی"ئەیووب پاکنەهاد" کە ماوەی ٣ ساڵە لە وڵاتی سوئید نیشتەجێیە، مەترسیی ڕادەستکردنەوەی بۆ وڵاتی ئێران هەیە.

ناوبراو سێ ساڵە داوای مافی پەنابەریی لە وڵاتی سوئید کردووە و هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەی تێپەڕاندووە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی پەنابەرانی سوئیدەوە مافی مانەوەی لەو وڵاتە ڕەت کراوەتەوە.

"ئەیووب پاکنەهاد" خاوەنی هاوسەر و دوو منداڵە و بە گەڕانەوەی بۆ ئێران مەترسیی زیندانیی هەتایی یان ئێعدامی لەسەر دەبێت.

ناوبراو ئەندامی بنەماڵەیەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری پیرانشارە کە نزیکەی ١٠ ساڵ ئەندامی نهێنیی حیزبی دێموکرات بووە.

بەنیسبەت ئەو بڕیارەی وڵاتی سوئید چەندین چالاکوانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات بە نیشانەی پشتگیری لەو بنەماڵەیە کەمپەینێکیان ڕێکخستووە.

دەقی کەمپەینەکە بەم چەشنەیە:

کەمپەینی نا بۆ دیپۆرتکردنەوەی "ئەیووب پاکنەهاد" و ژن و منداڵەکانی

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ!

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی!

میدیاکاران، ڕاگەیاندنەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران!

پارلمانتاری کورد لە وڵاتی سوئید، ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان، هاونیشتمانییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دیاسپۆرا و بەتایبەت لە وڵاتی سوئید!

وێڕای سڵاوێکی گەرم،

بەڕێزان، کاک "ئەیووب پاکنەهاد" خەڵکی شاری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی پێوەندیی تەشکیلاتی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەکەوێتە ژێر چاوەدێری و مەترسیی گیران لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە ناچار ٣ ساڵ پێش خاکی نیشتمان بەجێ دێڵێ و لە وڵاتی سوئید دەگیرسێتەوە. ناوبراو نزیک بە  ٣ ساڵ دەبێ داوای مافی پەنابەریەتی لە وڵاتی سوئید دەکات و هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەی تێپەڕاندووە و بەداخەوە ئەم داوایە لەلایەن ئەو وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە و ئێستا پۆلیسی سوئید و ئیدارەی پەنابەری زۆر بە جیددی کار بۆ گەڕانەوەی ناوبراو و بنەماڵەکەی دەکەن کە ئەمەش دەبێتە هۆی ژیان لێ ‌ئەستاندنی ناوبراو و هەروەها بێکەس مانەوەی ژن و منداڵەکەی.

هەر بۆیە داوا لە هەموو کەس و لایەنێک دەکەین کە لەو پێوەندییەدا هاوکار و یارمەتیدەری ئەو بنەماڵە بەڕێزە بن و بە کۆکردنەوەی ئیمزا پێشگیری لە دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران بکەین.

داوا لە ئیدارەی پەنابەریی وڵاتی سوئید دەکەین جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بنەماڵەیەدا بکەنەوە و مافی مانەوە لە وڵاتی سوئیدیان پێ بدەن.