کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگ و ئەرک

22:11 - 30 رەزبەر 2720

کەریم پەرویزی

کاتێک هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیميك بە دۆشکا لە نێو شاردا دەسڕێژ لە خەڵک دەکەن و بە سەدان و هەزاران گوردانی ئیمام عەلی دەنێرنە نێو کۆڵان و شەقامەکان تاکوو خەڵک بە دڕندانەترین شێوە بکوژن، ئەم ڕێژیمە بە ڕوونی و بە ڕاشکاوی دەڵێ کە بێ هیچ سڵکردنەوەیەک لە پێناوی مانەوەی وەلیی فەقیه و نیزامدا هەموو مرۆڤەکان دەکوژێ و ئامادەی ئەنجامدانی هەر جۆرە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدێکە.

ئەم ڕێژیمە گەر بوومەلەرزە و لافاوێک ڕوو بدا، بە هانای خەڵکەوە ناچێ تاکوو ڕەنج و ئازاری زۆرتر بکێشن و ماڵوێرانیی زۆرتر بەسەر خەڵکدا بێ، چوونکە لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێ بۆ تۆڵەکردنەوە لە خەڵک.

لای ئەم ڕێژیمە و لەسەرووی هەموویانەوە، خودی خامنەیی، دوژمن بریتییە لە خەڵکانی ئێران و نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە و بۆیەش بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە دوژمن خەریکە نفووز دەکاتە نێو وڵات! لای ئەم ڕێژیمە هەموو خەڵک دوژمنن و دەبێ بە هەر شێوەیەک بووبێ بکوژرێن.

لە ئێستەدا ڤیرووسێک هاتووە و بۆتە نیعمەتێک بۆ خامنەیی تاکوو هەموو خەڵکی پێ سزا بدا. ڤیرووسی کۆرۆنا ئەو بەڵا و نەهامەتییەیە کە ڕێژیمی ئاخوندی هەرچی زۆرتر و فراوانتر بڵاوەی پی دەکا و بە سەر خەڵکیدا دەبارێنێ و مەرگیان بۆ بەدیاری دێنێ.

لە هەموو جیهاندا وڵاتان بەرەو کۆنترۆڵی کۆرۆنا دەڕۆن، بەڵام ئەم ڕێژیمە خوێنمژە، هەموو مانگ و هەموو حەوتوویەک ڕێکۆردی تووشبوون و کوشتار بە کۆرۆنا دەشکێنێ و بە ڕوونی دیارە کە ڕێژیم دەیهەوێ خەڵکی زیاتر بە کۆرۆنا بمرن و دەیهەوێ کۆمەڵگای پێ بەچۆکدا بێنێ.

لە ئێستەدا کە کۆرۆنا بۆتە چەکێکی ڤیرووسی بەدەستی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهییەوە، بۆ بەرەنگاریی ئەم شەڕە میکرۆبی و کۆمەڵکوژییە، ئەرکە لە سەر شانی کۆمەڵگا کە بەرخۆدان و خۆڕاگریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی ڕابگەیەنێ و لە ڕاستیدا دژبەریی کۆرۆنا دژبەریی سەرتاپای ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهییە.

هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا دەبێ شەڕێکی سەرتاسەری لەگەڵ هرووژمی میکرۆبیی ڕێژیم واتە کۆرۆنا ڕابگەیەنن و خۆڕاگری و خۆپارێزی لە مەرگی کۆرۆنایی خۆڕاگرییە بەرامبەر بە ڕێژیمێک کە دەیهەوێ هەموو کۆمەڵگا تووشی مەرگێکی دڕندانە بکات و لە ڕاستیدا تۆڵەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکی بە میکرۆبی کۆرۆنا دەکاتەوە.

شەڕی کۆمەڵگا بەرامبەر مەرگی کۆرۆنایی، ئەرکێکی پێویستە و دەبێ لە شەڕ بەدژی کۆرۆناوە بۆ هاوپێوەندیی کۆمەڵایەتی و خۆڕێکخستنەوە و لە بڕگەی دواییشدا بەرهەڵەستیی سەرتاسەریی نەتەوەکان دژ بە ویلایەتی فەقیه بگوازرێتەوە و خامنەیی و کۆرۆنا پێکەوە لە زبڵدانی مێژوو بخرێن!