کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود محەممەد: کوردەکان مافی خۆیانه کە بۆ دەوڵەتی کوردستان شەڕ بکەن

18:48 - 16 پووشپەڕ 2720

"مەسعوود محەممەد" نووسه‌رێكی دیاری ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌به‌ و به ‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کوردێکی خەڵکی لوبنانە. ئەو لیسانسی بەڕێوەبەری ئابووریی لە زانکۆی عەرەبیی بەیرووت وەرگرتووە. هەروەها کارناسی باڵای لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە زانکۆی "پاویا" لە وڵاتی ئیتالیا وەرگرتووە. تێزی ناوبراو بۆ دوکتورا لە بواری کۆیلایەتی لەژێر دەسەڵاتی داعش دایە کە باس لە چۆنییەتی ڕفاندن، کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنانی ئیزەدی دەکات.  ناوبراو چەند کتێبی لەبارەی کوردستان و ڕێبەرانی شۆڕشەکانی نەتەوەی کورد نووسیوە. دوایین بەرهەمی ناوبراو "حلم الدولە من مهاباد الی اربیل کوردستان ایران" (کتێبی "ڕۆیای دەوڵەتی مەهاباد هەتا هەولێر، کوردستانی ئێران"ـە.

نووسەری ئەو کتێبە باسی لە ڕێبەرانی کورد وەک "قازی محەممەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی" کردووە.

نووسەر لەو کتێبەدا باس لەوە دەکات کە چۆن ڕێبەرانی نەتەوەی کورد لەوانە "دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی" بە دەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تێرۆر کراون.

وتووێژ: جەماڵ ڕەسووڵ دنخه

ڕای ئێوە لەسەر خەباتی نەتەوەی کورد چییە؟

نەوتەوەی کورد مافی خۆیەتی وەک هەموو خەڵک و نەتەوەی دنیا بۆ گەیشتن بە ئامانج و ڕۆیای خۆی کە دەوڵەتی کوردیە شەڕ بکات. دەوڵەتێک کە قازی محەممەد دایمەزراند و کەسانێکی وەک دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لەو ڕێبازەدا شەهید بوونە. کوردەکانیش مافی خۆیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێت. کوردەکان لە ڕێکەوتی ٢٥ سێپتامبری ٢٠١٧دا  (٣ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی) ڕێفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوە برد.

لەبارەی خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات قسەمان بۆ بکەن؟

کوردەکان لە ئێراندا زوڵمیان لێدەکرێت، بەرچاوترینی ئەو زوڵمە بەهۆی ئەوە بووە کە ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ و ئیدئۆلۆژیی شیعەگەراییان ڕەت کردووەتەوە. سیستم بە شێوەی فاشیستی لەگەڵ کوردەکان ڕەفتار دەکات. ئێران دژی کوردەکان فەرمانی جیهادی داوە کە ئەویش بە بڕیاری خومەینی بووە. لەو سیستمەدا نەتەوەی کورد بەردەوام زوڵمی لێ دەکرێت. خومەینی ئیزنی نەدا کە دوکتور قاسملوو بڕواتە مەجلیسی خوبرەگان و ناوبراوی دەرکرد.

نەزەری ئێوە لە سەر دوکتور قاسملوو چییە؟

لەبارەی دوکتور قاسملوو دەبێ بڵێم، قاسملوو خاوەنی گرینگترین فکری سیاسییه. ئەو دێموکراسی بۆ ئێران دەویست چونکە بێ دێموکراسی لە ئێراندا مافی کورد دەستەبەر ناکرێت. ئەو لەدوای ڕزگاریی ئێران بوو و ئازادیی بۆ هەموو ئێران دەویست.

حیزبی دێموکرات چۆن دەناسن ڕاتان لەبارەی چییە؟

لەبارەی حیزبی دێموکراتەوە دەبێ بڵێم دوکتور قاسملوو سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی زۆر بەلاوە گرینگ بووە ئەو هەمیشە دەیگوت: "بڕیارەکانی حیزبی دێموکرات لە مۆسکۆ یان واشنتۆنەوە نادرێت بەڵکوو لەناوخۆی ڕێبەرایەتیی حیزبەوە دەر دەکرێت.

نووسراوەکانی ئێوە لە بارەی دوکتور قاسملوو چی بووە؟

دکتور قاسملوو کەسایەتییەکی نەتەوەیی کورد بوو ئەو زۆر جیاواز بوو. دوکتور قاسملوو دۆستی باوکی من فەوزی محەممەد، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لقی لوبنان بوو. ئەو کەسایەتییەکی نێونەتەویی بوو کە جێگای ڕێزە. دوکتور قاسملوو بۆیە شەهید کرا چونکە خوازیاری ئازادی بوو و نیگەرانییەکانی ئەو تەنیا بۆ کورد نەبوو؛ ئەو دۆستی هەموو نەوەتەوەکانی دیکەی ئێران بوو و دۆستی زۆرێک لە دژبەرانی ئێرانی بوو. ناوبراو کەسایەتییەکی زانستی بوو. قاسملوو لە ویژدانی کوردستاندا زیندووە. بەڵام ڕێژیمی ئێران خیانەتکارانە تێرۆری کرد.

لەبارەی دوکتور شەرەفکەندی بۆمان بدوێن؟

دوکتور شەرەفکەندی کەسێک بوو کە لە سەر بڕیارەکانی دوکتور قاسملوو هەمیشە ڕەخنەی سازندەی دەگرت. ئەو توانی ڕیزەکانی خەباتی کورد یەکگرتووتر بکات و توانی ببێتە جێگری ئەو. شەرەفکەندی کەسایەتیی زانا و لێهاتوو بوو کە ئەوەیش لەلایەن مەئموورانی ڕێژیمی ئێرانەوە شەهید کرا. حیزبوڵڵای لوبنان و ڕێژیمی ئێران لەو بارەیەوە پێکەوە هاوکارییان کرد. دوکتور شەرەفکەندی توانی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات زۆر پتەو بکات کە ئەو یەکڕیزییەی کورد لە ئێراندا شتێکی کەم‌ وێنە بووە.

لەبارەی کتێبەکەی نووسیوتانە زانیاریی زیاترمان بدەنێ؟

من لە کتێبەکەی خۆمدا لەبارەی چوار کەسایەتیی کورد کە خۆشم دوێن نووسیومە، ئەوان شەهیدانێکی گەورەن کە بریتین لە جەنابی سەرکۆمار قازی محەممەد، عەبدولڕەحمان قاسملوو، سادق شەرەفکەندی و فوئاد مستەفا سوڵتانی. من هەمیشە ئارەزووی گەورەییان بۆ دەخوازم.

پرۆژەکانتان لەسەر حیزبی دێموکرات چی بووە؟

بابەتی حیزبی دێموکرات  دۆسیەی کاریی منە. من شاگردی مەکتەبی قاسملووم. من دەمهەوێ حیزبی دێموکرات هەمیشە یەکگرتوو بێت. من هەمیشە وتوومە مستەفا هیجری و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە دۆستی نزیک و وەفاداری منن. ئەو حیزبە بۆ من هەمیشە حەقه و مەشرووعیەتی هەیە. ئێمە ئاڵای دێموکراسی لە ئێران داین. ئێمە دوکتور قاسملوومان هەبووە و ئەو کارەی کردووە.

لەبارەی پرسی کورد لە ئێراندا قسەمان بۆ بکەن؟

 پرسی کورد لە کوردستانی ئێران پرسێکە من قەبووڵم کردووە باوەڕم پێی هەیە. چونکە کوردەکان زوڵمیان لێکراوە و دەنگی خۆیان لە میدیاکانی عەرەبدا بڵاو بووەتەوە. من ئامادەم بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات شەهید بم. هەموو هاوڕێیەکانی ئێوە خوازیاری یەکگرتوویین و ئەوان ئاڵای ئازادییان هەڵگرت. ناوی شەهیدان هەمیشە هەرمان بێت. ئێمە هەتا گەیشتن بە دوڵەتی کوردی خەبات دەکەین و دەنووسین.