کەریم پەرویزی
"مرۆڤێك كه له هەژاریدا ڕاگیراوه، مرۆڤێك كه نكۆڵی له ناسنامه ئێتنیكی، ئایینی یان نەتەوەییەكەی دەكرێ یان دەكەوێته بەر تەوژمی سیاسەتی تواندنەوه و سووكایەتی پێكردن یان لەژێر ستەمی جنسیدا دەژی، مرۆڤێكه كه كەرامەتی لێ زەوت كراوه."
ئەمە رستەیەکی نێو بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە لە بەشی بنەما فیکری و سیاسییەکانی حیزبدا هاتووە و لەم رۆژانەدا بە روونی رەنگدانەوەی وەها کردەوەیەکی دژەمرۆیی لە کۆماری ئیسلامیدا دەبینین.
ڕێژیمی ئیسلامیی تاران، لە سەر ئەساسی سووکایەتی بە مرۆڤ دامەزراوە و لەو چوارچێوە ئیدئۆلۆژیکە پاوانخوازنەیەدا سیاسەت و کرداری لە خۆی نواندووە کە مرۆڤی پێ بوونەوەرێکی بێهێز و بێئاوەز و بێئیرادەیە کە پێویستە وەکوو ئاژەڵ تا دەتوانێ کەڵکی لێوەربگرێ و هەر وەکوو ئاژەڵ هەرکات لاساری کرد وەبەر قامچیی بدات.
لەم روانگە دژە مرۆییەی کۆماری ئیسلامیدا، هەرچی لە ناوەندی ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵاتە تێکەڵ بە شۆڤێنیزمەکە دوورتر دەکەوێتەوە، ئاژەڵتر دێتە بەرچاو. تاکە مرۆڤ لەو روانگەیەدا وەلیی فەقیهە و ئەوانەی هەندێک لە وەلیی فەقیه نزیکن، لە مرۆڤ دەچن! غەیرە فارس، هەژار و کەمداهات، ژن، غەیرە شیعەی ویلایەتی فەقیهی، لە روانگەی وەلیی فەقیهەوە زۆرتر وەکوو نامرۆڤ چاویان لێ دەکرێ.
چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لێوانلێو بووە لە سووکایەتی بە نەتەوە غەیرە فارسەکان؛ لێوانلێو بووە لە چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ؛ لێوانلێو بووە لە دزین و تاڵانکردنی سامانی وڵات و باجی تیرۆریزم و سەرەڕۆییەکانی لە سفرەی نانەوشکەی چینی کەمداهات و هەژار دراوە و سەرانی ڕێژیم لە کانادا و سوییس و بریتانیا و ئیسپانیا و ئاڵمان ویلا و سەهمی هۆتێلیان کڕیوە.
ستەم دژی ژن، دژی جودابیران، دژی نەتەوە غەیرە فارسەکان، دژی ئایینە غەیرە شیعەی ویلایەتی فەقیهی، و دژی هەموو مرۆڤێک کە خۆی پێ خاوەن ناسنامە و کەسایەتییەک بووبێ، لە ماوەی ئەم دەسەڵاتدارییە پڕ تاوانەدا بەڕێوە چووە.
ئاکامی ئەم دەسەڵاتە سووکایەتی بە کەرامەتی هەموو مرۆڤەکان لە پانتایی جوغرافیایی وڵاتێکی بەڵالێدراوی بەناو ئێراندا بووە و ئەم ڕێژیمە بە پارەی نەوت و ساتوسەودا لەگەڵ بازرگانانی خوێن لە ئەورووپا و کانادا و ئامریکا و رووسیە و چین و ... هەزینەی هێزی دڕندەی سوپای پاسداران دابین دەکا و خەڵکیان پێ سەرکوت دەکات.
لە وەها سیستمێکدایە کە خەڵک لە قوم و ئیسفەهان دەڕژێنە سەر شەقام و وێنەی خامنەیی دەسووتێنن! لە تاراندا دەروێشەکان لەگەڵ دەسەڵاتی خامنەیی بەرەوڕوو دەبنەوە و ژنانی ماندوو لە هەموو ستەمێک لەچکی ستەمکاری لەسەر فڕێ دەدەن و عەرشی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیی پێ دەلەرزێنن.
هەر لە ئاکامی وەها سیستمێکدایە کە شارەکانی وەکوو بانە و جوانڕۆ و سەردەشت و پیرانشار کە تا دوێنی بە قوتبی بازرگانی ناویان دەبرا، ئێستا بە سەدان کەس دێنە سەر شەقام و سفرەی بەتاڵی ماڵیان نمایش دەکەن.
رێژیمێک و سیستمێک کە سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤەکان دەکا، جا چ بە هەژاری ڕاگرتن، یان نکۆڵی لە ناسنامەی نەتەوەییان یان ستەم لە جینسییەتیان و ئایینیان، سیستمێک نییە کە بتوانێ خۆشی و ژیانی ئاسوودە بۆ خەڵک بەدی بێنێ و هەموو ئەوانەی کەرامەتیان سووکایەتیی پێ کراوە، لێی ڕادەپەڕن و کۆشکی پووشاڵیی دەسەڵاتی وەهمیی لێ گڕ تێبەردەدەن.