کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

10:40 - 1 رێبەندان 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە"

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

هاووڵاتیانی بەڕێز

کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی کوردستان

کادر و پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ١٣٩٨ی هەتاوی حەفتا و چوارەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانە، کۆمارێک کە لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە دەست پێشەوای نەمر، قازی محەممەد بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەلومەرجی ئەوکاتی ئێران و ناوچەکە لە بەشێک لە کوردستانی ئێران بە ناوەندی شاری مەهاباد دامەزرا و بۆ یەکەم جار ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردی لەو بەشەی کوردستان کردە خاوەن دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک.

 بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و کادر و پێشمەرگە و  ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی دەکەین. دامەزرانی کۆماری کوردستان بەتایبەتمەندی دێموکراتیکی خۆیەوە لە ناوچەیەکی پڕ دیکتاتۆری و کۆمەڵگایەکی  ناپێشکەوتووی ئەوکاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دیاردەیەکی گرینگ و هیوابەخش بۆ گەلانی ژێر دەستە و ماف پێشێلکراوی ناوچەکە بوو.

 گرینگی و جێگای بایەخی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەوەڕا سەیری دەکرێ کە کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستان کۆمەڵگایەکی فێئوداڵی، عەشیرەتی و زیاتر لە سەدی ٨٠ی دانیشتوانی پیاو نەخوێندەوار و زیاتر لە سەدی ٩٥ی ژنانی نەخوێندەوار بوون و کۆمەڵگا بە گشتی لە ژێر شوێندانەریی داب و نەریتی نا پێشکەوتوو دابوو. ئەگەر لەم هەلومەرجەدا دەرەتانی دامەزرانی کیانێکی کوردی لەم بەشە لە کوردستان ڕەخسا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوازێکی مۆدێڕن و بەتایبەتمەندێکی دێموکراتیکەوە دامەزرابوو.

حیزبێک کە لە سەر بنا‌غەی ڕێکخراوەی کۆمەڵەی ژ.ی.ک  (ژێ.کاف)  کە ٣ ساڵ پێشتر لەپێناو پەرەپێدانی بیری نەتەوایەتی کورد دامەزرابوو لەو پێوەندیەدا کاری بەرین و بەردەوامی لە کوردستاندا کردبوو و لەو بوارەوە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو هێنابووە ئاراوە.

ئەو بەستێنە ئەرێنییە بەتایبەت بەدامەزرانی  حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ناو و ناوەڕۆکی دێموکراتیکی بە خۆیەوە گرت بۆ بە هۆی ئەوەیکە سەرەڕای نەبوونی هێندێ پێوەری پێویست کۆماری کوردستان دامەزرێ. بۆیە بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین ئەگەر بەستێنی پەرەگرتن بۆ بیروهەستی نەتەوایەتی نەهاتبا ئاراوە و حیزبی دێموکراتی کوردستان دانەمەزرابا، دەرفەت بۆ دامەزرانی کۆماری کوردستان نەدەڕەخسا و ئەگەر دامەزراباش خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە نەتەوەیی و دێموکراتیکە نەدەبوو، کە هەیبوو. هەر بۆیە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش پیشتیوانیان لێ دەکرد و تەنانەت تێیدا بەشداربوون، بە کورتی کۆماری کوردستان کیانی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد بوو کە لە ناوچەیەکی پڕ دیکتاتۆری ئەو کاتی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەری هەڵدابوو. بۆیە نە دیکتاتۆرەکان چاوی دیتنیان هەبوو نە تەنانەت زلهێزەکان و وڵاتانی براوەی شەڕی دووهەمی جیهانی، مانەوەی ئەو کیانە کوردییان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا بەدی دەکرد. هەر بۆیە هەوڵی جوانمەرگکردنیان دا و بە هێرشی نیزامی پاش ١١ مانگ ئەو دەسکەوتە مێژووییەیان لە باوەشی کورد دەرهێنا.

 کۆماری کوردستان تەمەنی کورت بوو. بەڵام لەو ماەوە کورتەدا کۆمەڵێک ئەرک و خزمەتی بەجێ هێنا کە ڕەنگە زۆر دەسەڵاتی خاوەن پشتیوان و ئیمکانات لەو ماوەیەدا بۆی نەکرابێ و بۆی نەکرێ، هەموو ئەو کار و کردەوانەش لە خزمەت گەشەی بیری نەتەوایەتی ، شوناسی کوردی و شێوازە دێموکراتیکەکانیدا بوون.  بە نەمانی ئەو کۆمارە و ئەو کیانە پڕ بایەخەی کورد، پێشەوای کورد و بەشێک لە بەرپرسانی کۆمار بە تاوانی کورد بوون و دامەزراندنی کۆمار و کیانی کوردی لە سێدارە دران و بە شێکی بەرچاویشیان بەند کران. بەو حاڵەش کۆمار کۆمەڵێک یادگاری بایەخدار وەک ئاڵای کوردستان و ناوی پێشمەرگە و سەرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبی بۆ بە جێ هێشتین و لە هەموو ئەو ٧٤ ساڵەشدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە گشتی و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دامەزرێنەری کۆمار بە تایبەتی لەپێناو وەدەستهێنانەوەی ئامانجە بەرزەکانی کۆماردا لە خەبات و تێکۆشاندا بوون و لە ڕەوتی ئەو خەباتەدا بە هەزارن شەهید و هەزاران بەندکراوی پێشکەشی بارەگای ئازادیی کورد و گەیشتنەوە بە ئامانجەکانی کۆمار کردووە.

 یادی ٢ی ڕێبەندانی ئەو ساڵ ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە کاتێکدا دەکەینەوە و ڕێز لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمار دەگرین و وەفاداریمان بە ئامانجەکانی کۆمار دووپات دەکەینەوە کە ئێران هەروا لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆنەپەرەستی و دژی مرۆڤی و ماف پێشێلکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە، بەڵام زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بینەری وەزعی شپرزەی ئەو ڕێژیمە لە زۆربەی بوارەکان داین. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی زیاتر نێوەڕۆکی ڕێژیمیان بۆ دەرکەوتووە و ڕاشکاوانەتر بەرامبەر بە ڕێژیم و سیاسەت و سەرکووت و کردەوەکانی هەڵوێست دەگرن، ناڕەزایەتییە دەربڕینەکان و حەرەکەتە ئیعترازییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر بەرینتر و گشتگیرتر و تێکڕاییتربوون، درووشمی خۆپێشاندەران پێکهاتەشکێنتر دژ بە ڕێژیم لە تەواوییەتی خۆیدا لەسەروی هەموانەوە ڕووی لە خامنەیی و سپای پاسدارانە و تەنانەت دژ بە ویلایەتی فەقییە و کۆڵەکەکانی ئیدئۆلۆژی ڕێژیمە. بە کوورتی بێزراوی ڕێژیم لە ڕادەی نێونەتەوەیی و نێوخۆییدا گەیوەتە ئاستێک کە هیوا بە نەمانی ڕێژیم زیاتربێ و لە سەر ڕەوتی خەباتمان لە هەر هەلومەرجێک دا پێداگرتووتربین ئەوەش دەرەتان بۆ خەباتی کورد و گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی کورد و وەدەست هێنانەوەی دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان پتر دەرەخسێنێ. بەو هیوایە و بە خەباتی تێکڕاییمان یادی ٢ی ڕێبەندان لەساڵانی داهاتوودا لە هەموو شار و شوێنەکانی کوردستان و بە تایبەت لەسەر گڵکۆی پێشەوای کورد قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بکەینەوە.

جارێکی دیکە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی کوردستان و ڕێز و پێزانینمان بەرانبەر بە خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی دووپات دەکەینەوە.

بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ خەباتی تێکڕاییمان

نەمان بۆ ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی

٢١ی ژانەویەی ٢٠٢٠ی زایینی