کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی کورد کاک "جەلیل گادانی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

14:19 - 16 گەلاوێژ 2720

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک "جەلیل گادانی" هاوڕێی دەیان ساڵەی خەبات و خۆڕاگریی تێکۆشەرانی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی دێموکرات کاک جەلیل گادانی

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرانبەر بە ٦ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی تێکۆشەری ناسراو و دێرینی بزووتنەوەی کورد و هاوڕێی دەیان ساڵەی خەبات و خۆڕاگریی تێکۆشەرانی دێموکرات، پاش تووشبوون بە کۆڕۆنا و حەوتوویەک بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم بەڵا هەمەگیرە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک جەلیل گادانی یەکێک لەو تازە لاوانەی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو کە هەر لەو کاتیەوە ئۆگری ئازادیی نەتەوەکەی و خەبات لەپێناو وەدیهاتنی ئازادی و مافە نەتەوایەتییەکانی کورد لە کوردستانی ئێران بوو.

لە پاش جوانەمەرگبوونی کۆمار لەو تێکۆشەرانە بوو کە بۆ ڕێکخستنەوەی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکان لە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام دابوو لە ڕەوتی ئەو تێکۆشانەدا چەند جار دەستگیر و زیندانی کرا و هەر جارێک پاش ئازادبوون بۆ تێکۆشان و درێژەی خەبات تێهەڵدەچۆوە.

پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بۆ چەند ساڵ وەک یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی حیزب ماندوویی نەناسانە لە هەوڵ و تێکۆشان دابوو.

کاک جەلیل جیا لەوەی تێکۆشەرێکی سیاسی بوو، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و خەڵکی بوو، لەدەستچوونی ئەم تێکۆشەرە بۆ هەموو لایەک جێگای پەرۆش و خەمبارییە.

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی بۆ لەدەستچوونی ئەم تێکۆشەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی گادانی و هەموو دۆست و ئاشنایان و هاوسەنگەرانی دەکات و هیوا دەخوازین کە ڕووحی ئەم تێکۆشەرە دێرینە بە وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی شاد بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی

 ٦ی ئاگوستی ٢٠٢٠ی زایینی