کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ "پەیمانی نوینـ"ـی "ڕەزا پەهلەوی" بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە

10:03 - 16 رەزبەر 2720

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ "پەیمانی نوینـ"ـی شازادە "ڕەزا پەهلەوی" بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "پەیمانی نوین وەک زۆربەی بەرنامە و هەڵوێستەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری بەسەر واقعییەتەکانی کۆمەڵگای ئێراندا بازی داوە".

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

لە پێوەندی لەگەڵ "پەیمانی نوینـ"ـی شازادە ڕەزا پەهلەوی

ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ بەرابەر لەگەڵ ٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٠، "ڕەزا پەهلەوی" بە ڤیدیۆ بەرنامەیەکی نوێی بە ناوی "پەیمانی نوین" (پیمان نوین) ڕاگەیاند. ناوبراو لە قسەکانیدا بەکورتی، دوای ئاماژە بەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی لە ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بێجگە لە دیکتاتۆری، سەرکوت، تێرۆر، دزی، گەندەڵی و هەژاری و... دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە، داوا دەکات کە کۆمەڵانی خەڵک یەک بگرن، ئیعترازات و مانگرتن وەڕێ بخەن و بەیەکەوە بۆ پێچانەوەی تۆماری کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا تێبکۆشن.

چەند تێلێڤیزیۆنی فارسی زمانیش لە پشتیوانی لەگەڵ "پەیمانی نوین" بە تێروتەسەلی تەبلیغاتی بۆ دەکەن و هەوڵ دەدەن "پەیمانی نوین" وەک بەرنامەیەکی تازە و  تەنانەت وەک "مانیفێستێک" بۆ ڕزگاریی ئێران بە بیروڕای گشتی بناسێنن!

بەڵام "پەیمانی نوینـ"ـیش وەک زۆربەی بەرنامە و هەڵوێستەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری بەسەر واقعییەتەکانی کۆمەڵگای ئێراندا بازی داوە. هۆکارێکی سەرەکی هەرەسهێنان و سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی ڕابردووش هەر نەسەلماندنی واقعییەتەکانی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای ئێران بووە: ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەزمانی و فرەئایینییە و هەرچەندی حاشای لێ بکرێت، شتێک لەو واقعییەتە ناگۆڕێت.

بەرنامەیەکی سیاسی ئەوکاتە دەتوانێت زۆربەی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە کە بۆ ئێرانێک بێت کە ڕاستییەکانی کۆمەڵگای ئێران لەبەرچاو بگرێت، نەک دەستکرد و ئیدئولۆژیک!

مەبەستی بەڕێز "ڕەزا پەهلەوی" و هاوبیرانی لە ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ ئێرانێکە کە حاشا لە بوون و هۆوییەتی زیاتر لە نیوەی حەشیمەتەکەی دەکرێت، منداڵانی نیوەی حەشیمەتەکەی لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ واتە خوێندن بە زمانی دایکی و مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان بێبەش دەکرێن و... هتد. ئێرانێکی یەک نەتەوەیی و یەک زمانی و یەک کولتووری تەنیا لە خەیاڵ و ئیدئولوژیی ڕادیکاڵدا بوونی هەیە.

 بەردەنگی "پەیمان نوینـ"ـی "ڕەزا پەهلەوی" خەڵکی تاران و شیراز و مەشهەد و شارە فارسنشینەکانی دیکەی ئێرانە نەک نەتەوە ستەملێکراوەکان. بۆیە "پەیمانی نوین" زیاتر وەک هیوا و ئاوات دەچێ هەتا بەرنامەیەکی سیاسیی واقعبینانە کە ببێتە بنەمایەک بۆ چارەسەریی سیاسیی پرسی نەتەوەکانی غەیرەفارس.  

"ڕەزا پەهلەوی" لە پێوەندی لەگەڵ پرسی گەلانی ئێراندا بێ لایەن نییە و بە بیر و باوەڕ بەشێکە لەو ڕەوتە فیکرییە کە داننان بە هۆوییەتی گەلانی غەیرەفارس و سەلماندنی مافە سیاسییەکانیان بە ناتەبا و نەگونجاو لەگەڵ بەرژەوەندی و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەزانن.

ناوبراو لە مانگی مارسی ٢٠١٩دا لە وتووێژێکدا بەئاشکرا ڕایگەیاند کە "ئەو لە مەنتقی خوێندن بە زمانی دایکی تێناگات"! 

٤٢ ساڵە ئێمە وەک کورد ڕۆژانە دیکتاتۆری و سەرکوت و تێرۆر و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بە ڕەگ و پێستەوە هەست پێدەکەین. ماوەی ٤٢ ساڵە گەلی کورد بە کردەوە بە دژی زوڵم و زۆری بێسنووری ڕێژیم وەستاوەتەوە. بەڵام دوائامانجی ئێمە تەنیا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نییە، ئامانجی ئێمە دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ گەلی کوردە لە ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵدا.

بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەین و ئامادەین لە پێناویدا قوربانی بدەین، لەبەر ئەوەی بە کۆسپی سەر ڕێگای دابینکردنی ماف و ئازادیی خۆمانی دەزانین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زۆر جاران ڕایگەیاندووە کە دەرگای دیالۆگی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئاواڵەیە و یەکگرتن و پێکهێنانی بەدیلێکی دێموکراتیک و گشتگیر لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و جێگیرکردنی نیزامێکی دێموکراتیک بە زەروورەتی ئەوڕۆی ئێران دەزانێت. بەڵام لە هەمان کاتدا و بەپێی مەنتق، ئێمە هاوکاری و پشتیوانیی هێزێک دەکەین کە بەڕوونی بە دوور لە "کۆلی گویی" (کلی گویی) پێمان بڵێت ئەگەر سبەینێ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری و پشتگیریی ئێمە دسەڵاتی لە تاران بەدەستەوە گرت، چ شتێک بۆ ئێمە دەگۆڕێت؟ ماف و ئازادیمان دەسەلمێندرێت و کۆتایی بە سەرکوت و هەڵاواردن و بێبەشیی کورد دێت؟ لە پێوەندی لەگەڵ گەلانی غەیرەفارس، حکوومەتی دوای کۆماری ئیسلامی ماهییەتەن چ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێستا دەبێت؟  

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ٦ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی